ژیان لە زەمەنى ڤایرۆسدا

تەوەرێکى تایبەت بە تێڕوانینى نووسەر و هونەرمەندان بۆ کۆڕۆنا

لە زەمەنێکدا کە ڤایرۆسێکى کوشندە بەرۆکى ڕووبەرێکى زۆرێک لە مرۆڤایەتى گرتووە، بەجۆرێک ڕۆژانە دەبیستین دەگاتە کامە وڵاتى دیکەى جیهان و بەمەش ڕێژەى تووشبووانى دەگاتە چەند؟ ئەى لەوانەدا چەندیان دەمرن؟ ئەمەش وایکردووە تابێت ڕووبەرى ترس لەلاى مرۆڤ زیاد ببێت و ئەم دۆخە ببێتە دۆخێکى سەرتاباگیر و مرۆڤایەتى هەموو لە خەمێکى هاوبەشدابن، تۆ وەک نووسەرێک وەک هونەرمەندێک دیدگات چییە لەم بارەیەوە؟

ژیان_ڕه‌نگدان: ڕوانینى هونه‌رمه‌ند (د. سه‌ردار مه‌حمود)
زۆرن دەرد و پەتا کوشندەکانی مرۆڤ، بەدرێژایی مێژوش هەر هەبوون و تا هەتاشە هەر دەبن و پێ بەپێی پێشکەوتنی زانست و هەڵکشانی چڵێسیی مرۆڤ بۆ جڵەوکردنی سروشت و زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانی ژیان لەسەر گۆی زەوی و کۆی گەردونیشدا، ئەوانیش ، واتا دەردو پەتا کوشندەکان زیاد دەکەن و بەرەوپێش دەچن و دەگۆڕێن، بەڵام لەهەموو پەتا ماددی و دەرەکییەکانی مرۆڤ کوشندەتر دەرد و پەتا ناوەکییە مەجازیەکەی مرۆڤ خۆیەتی کە خۆپەرستی و چاوچنۆکیەکەیەتی، ئەو پەتایەی وایلێکردووە تا ڕاددەیەکی زۆر لە ئەرک و ڕۆڵە مرۆییەکەی دوور بکەوێتەوە و هەموو شتێک بۆ خۆی بەڕەوا ببینێت و بزانێت، ئەمەش تەواو دایبڕیبوە لەوانیتر و بەدەگمەن نەبێت بیری ناکەوێتەوە کە پێویستە خەمی هاوبەش و مەراقی هاوبەش و کاری هاوبەشی لەگەڵ هاوشاری و هاونیشتمانیەکانی خۆیدا هەبێت. لەگەڵ هەڵکشانی جیاوازییە ئیتنیکی و کولتووری و شارستانییەکاندا کە ئایدولۆژیا زەمینە بۆ پێکدادانیان خۆشدەکات، مرۆڤ تادێت  خەم و مەترسییە هاوبەشەکان لەبیردەکات، لە ساتێکی وەهادا پەتایەکی وەک کۆرۆنا، بەهەموو مەترسیەکەیەوە مرۆڤ لەو پەرتەوازەییە بەئاگا دێنێتەوە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی گەردونی ناچاری دەکات بەرژەوەندیە هاوبەشە هەرمانیەکە (ئەزەلیەکە) بخاتەوە سەری سەرەوەی لیستی ئەرکە لەپێشینەکانی، لەبەردەم پەتایەکی وەهادا مرۆڤ ناچارن شەڕی دەستەجەمعی لەپێناو مانەوەدا بکات، ئەمە ئەو چرکەساتەیە کە هیچ بیرو ئاین و ئایدۆلۆژیایەک بەفریای مرۆڤ ناکەوێت و دادی نادات بێجگە لە لۆژیکی عەقڵ و ملدان بە کۆشش و هۆشیاریی هەرەوەزیانە بۆ بەگژداچوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و بەزاندنی، سەیرەکەش لەوەدایە کە دەرهەق بەم مەترسیدە ، وای تێدەگەم، یەکەمجارە لەمێژ،ودا مرۆڤ شێوەیەکی کاری هەرەوەزی تاقیبکاتەوە و پیادەبکات کە بە لەیەکدابڕانیان ئەنجامی بدەن نەک بە کۆبونەوەیان، واتا ڕێک بە پێچەوانەی ژیانی ڕۆژانەی بەر لە کۆرۆناوە کە هەرچەندە بەجەستە لەیەکترەوە نزیک بووین هێشتا بەپێی پێویست پێکەوە نەبووین، بەڵام ئێستا کە کۆرۆنا لەیەکتری دابڕیووین لەهەموو کات زیاتر هەست بەگرنگیی پێکەوەبوونمان دەکەین، بەڵام پێکەوەبوونێکی عەقڵانی و دوور لە سۆز و خۆخەڵەتاندن بە بیرکردنەوە لەچارەسەری نازانستی، بۆیە لەهەموو شتێک زیاتر  و لەهەموو کاتێک زیاتر ئێستا پێویستمان بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەکی عاقڵانەیە بۆ خۆمان بۆ یەکتر و بۆ ژیان، سووربونمان لەسەر ئەوەی پێکەوە بمێنینەوەو بەرەنگارببینەوە تاکە ڕزگارکەرمانە،  لەم شەڕە هەستیارەشدا بچوکترین هەڵە و سادەترین ڕەفتاری ناعەقڵانی دەمانخاتە خانەی نادەربەستی و ملهوڕییەوە و بگرە هەندێک هەڵەی دەستکرد و ملنەدان بە ئەرکە مرۆییەکەمان بۆی هەیە بشمانخاتە خانەی خیانەتی نیشتمانی و دەبینە هۆکاری مەرگی بەکۆمەڵ بۆ هاونیشتمانیەکانی خۆمان و مرۆڤایەتیش لە وێنە فراوانەکەیدا