بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەولێر بۆ ژیان: پارەکەی بەغداد گەیشتە هەولێر


به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیی عێراق، رایگەیاند، پارەکەی بەغدا گەیشتە هەرێمی کوردستان، بەوەش دابەشکردنی مووچە خێراتر دەکرێت.

ژیان_شادان حەسەن: عابد مزوری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیی عێراق بە ( تۆڕی هەواڵی ژیان)ى راگەیاند، بڕی ٤٥٣ ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە هەولێر و بەوەش دابەشکردنی مووچە خێراتر دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ٩ی ئاداری ٢٠٢٠، دەستیکرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووی فەرمانبەران، تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و پێشمەرگەی دابەشکردووە، دواتر دابەشکردنی مووچەی راگرت بە بیانووی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە، بەڵام ئەمڕۆ جوتیار عادل لە روونکردنەوەیەکدا هۆکاری سستی و راگرتنی دابەشکردنی مووچەی بۆ هۆکاری نەناردنی پارە لە لایەن بەغدادەوە بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە.

پێشتر ژیان بڵاویکردەوە  بڕیار بوو مووچەی هێزەکانی ئاسایش دابەشبکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی پارەی پێویست لەبەردەستدا نەبووە، بۆیە گۆڕانکاری لە خشتەی مووچەدا کراوە، وەزارەتی شەهیدان پێشخراوە، لە ئێستاشدا بەرپرسانی وەزارەتی دارایی لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بەغداد لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دابەشکردنی مووچە خێراتر بکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشت دەبەستێت بە ٣١٧ ملیار دیناری ناوخۆ و ٤٥٢ ملیار دیناری حکومەتی عێراق کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی دەنێرێت.