کونسوڵى چین لە هەرێمى کوردستان بۆ ژیان: بۆ ئەوەی خەڵک لە ماڵەوە خواردنی خاوێنیان پێبگات ٤٢ هەزار تیمی تەندروستیمان پێکهێنا


کونسوڵى گشتى کۆمارى چین لە هەرێمى کوردستان، گەشبینە بە زاڵبوونى تەواوەتى وڵاتەکەى بەسەر ڤایرۆسى کۆرۆنا و، بە وردەکارییەوە باسی شێوازى رووبەروو بوونەوەى خەڵک و حکومەتى وڵاتەکەى دەکات لە دژى ئەو پەتایە.

ژیان_ رێبوار ئەحمەد: نى رۆچى، لە چاوپێکەوتنێکى دوورودرێژى ماڵپەڕى ژیان، دەڵێ، جەلال تاڵەبانى، بونیادنەرى پەیوەندییەکانى کۆمارى چینە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق. هەروەها پلانى وڵاتەکەى بۆ پیشخستنى کەرتى ئابوورى و پیشەسازى و کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان دەخاتە روو و دەڵێ " قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە پێنج ملیار دۆلار. دەتوانین بوودجە و تەکنەلۆژیا و کەرەستە و کارخانە و بازنەی ئابووری و ژێرخانی ئابووری، بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکەین".

ژیان: کۆماری چین چۆن دەڕوانێتە ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی بەهۆی جەنگی سوریا و داعش لەم ناوچەیە دروستبوون؟
نی رۆچی:
چین لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە و پێیوایە دەبێت خەڵکی سووریا، خۆیان داهاتووی خۆیان دیاریی بکەن، ئێمە ئامادەی کارکردنی بەردەوامین لەگەڵ ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانەی لە ناوچەکە ڕۆڵدەبینن، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە تووندوتیژی و زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
دەوڵەتی ئیسلامی بەرەو لەناوچوون دەچێت لە ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە هیوادارین کە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بە بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانیان، تەواوی هێزە تیرۆرستییەکان لە ناو بەرن، لە ناویاندا پاشماوەی چەکدارانی داعش.

مام جەلال سێ جار سەردانى چینى کرد و گوتى، من هاوڕێی کۆن و نوێ و هەمیشەیی خەڵکی چینم

 

ژیان: بۆچی چین سەبارەت بە سووریا و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عێراق، بێدەنگ و دوورەپەرێز دەردەکەوێ؟
نی رۆچی:
یەکێک لە پرەنسیپەکانی دەوڵەتی چین، دەستوەرنەدانە لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە، ئێمە پێمانوایە خەڵکی سووریا خۆیان دەبێت بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن. پێمانوایە، خراپتربوونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداوە و دوایین شتە کە هەر وڵاتێک بیەوێت بیبینێت، دوای کوژرانی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، چین بە ڕوونی ئەوەی وتووە کە دژی بەکارهێنانی هێزە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئێمە ئەو هەڵوێستەی خۆمان ڕاگرتووە کە دەبێت هەموو لایەنەکان بە جددی بە بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بنەما نەگۆڕەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پابەند بن.
بڕوامانوایە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە زوویی دەستپێبکەنەوە، بە ئامانجی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنى سەربەخۆیی عێراق، سەروەری و مافی خاوەندارێتی تەواوی خاکی عێراق پێویستە پارێزراوبێت، هیوامانوایە لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری بکەن، لە ناویشدا کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.

حکومەتی ئێمە شارێکی ١١ ملیۆن کەسى داخست لەپێناو ڕێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە

 

ژیان: بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێوە، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەمریکا و چین و ئێران و رووسیا، تاوەکو چەند بێلایەنانەیە؟
نی رۆچی:
هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت بۆ باشکردنی ئەمنییەت و سەقامگیری ناوچەکە، چین خۆشحاڵە بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هاوبەشیکردن لە بەردەوامبوونی ئاشتی لە ناوچەکە. پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ شەڕکردنی دەستوەردان لە ناوچەکە نییە، بەڵکو دۆستانە و هاوبەشی پێکردنە، ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە زۆر بواری جیاوازدا ئاڵوگۆڕی هاوکارییەکان دەکەین.  

ژیان: لە شەڕی داعش لە عێراق، هەڵوێستی کۆماری چین رووننەبوو. ئایا ئێوە چۆن سەیری پرسی داعش دەکەن لە ناوچەکە؟
نی رۆچی: هەڵوێستی چین زۆر ڕوونە، چین بە تووندی دژی هەموو شێوازەکانی تیرۆرە،  ئێمە دەخوازین کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانی بۆ ئەم مەبەستە زیاتر بکات. تیرۆریزم بەڵایەکی گەورەی هاوبەشە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چینیش بەهەمان شێوە قوربانی دەستی تیرۆرە، ئێمە ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆردا دەبینین، بڕواشمانوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە هاوکارییەکانی پەرەپێبدا بۆ ئەوەی بەیەکەوە شەڕی تیرۆر بکات. ئەوە بڕوای ئێمەیە کە پێویستە نیشانەکان و هۆکارەسەرەکییەکان چارەسەر بکرێن بۆ لە ناو بردنی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ستاندەری جیاوازی بۆ شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرزم هەبێت.

١٤ یاریگا و کارخانە و زانکۆ و شوێنی مانەوەی خوێندکاران و پێشانگامان گۆڕی بۆ نەخۆشخانەى کاتى 

 

ژیان: دەگوترێ لە پەیوەندی چین و کورد، جەلال تاڵەبانی رۆڵێکی بونیادنەرانەی هەبوو، ئەوە راستە؟
نی رۆچی:
بەڵی ئەوە ڕاستە. بەڕێز تاڵەبانی، سێ جار سەرانی چینی کرد، ساڵی ١٩٩٥، ٢٠٠٣ و ٢٠٠٧، ئەو پەیوەندییەکی هاوبەشی دوو قۆڵی زۆر باشی دروستکرد، لە نێوان چین و عێراق، لە ناویشیدا هەرێمی کوردستان. ئێمە هەموومان ئەوەمان بیرە، کاتێک یەکەمجار سەردانی چینی کرد، ئەو کتێبانەی لە بارەی چینەوە ناساند کە لە کتێبخانەکەی لە بەغدا هەیبوون، بە تایبەت ئەوانەی کە بۆ زمانی کوردی وەرگێردراون، وەک (کارە هەڵبژێردراوەکانی مائو زدونگ).مام جەلال، لە سەردانەکەیدا وتی: من هاوڕێی کۆنی خەڵکی چینم، هەروەها هاوڕێی نوێی خەڵکی چینم، من هەمیشە هاوڕێی خەڵکی چینم. بەرێز مام جەلال، هاوڕێیەتییەکی بێ کۆتایی لەگەڵ خەلكی چین هەبوو، ئێمە هەمیشە رێزی زۆرمان بۆی هەبووە و هەیە. 

ژیان: کۆمانیا چینییەکان لە عێراق و کوردستان، ئێستا توانای رکابەرێتی کۆمپانیا ئەمریکی و بەریتانییەکانیان هەیە؟
نی رۆچی:
لەم ساڵانەی دواییدا، هەرێمی کوردستان و چین پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانیان قوڵکردووەتەوە کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بونیاتنراون، بەجۆرێک هەردوولا سوودمەند بن، ئێمە بەردەوام هانی کۆمپانیا چینییەکان دەدەین کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان هەیە، بە بەهێزی سەرمایە گوزاریی لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆ یارمەتیدان و بونیاتنان، دابینکردنی هەلیکار، چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی خەڵکی کوردستان، هەروەها چاکسازیکردن لە ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە پێنج ملیار دۆلار

 

ژیان: سەبارەت بە کۆرۆنا، ئایا بەڕاستی حکومەتەکەتان توانای شکستپێهێنانی کۆرۆنای هەیە؟
نی رۆچی: ئاماری چارەسەرکراوان لە ئوهان و هۆبی  و تەواوی وڵات، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئێستا ڕێژەی چاکبوونەوەی تووشبووان لەسەدا 90 % تێپەڕاندووە، ژمارەی ئەو کەیسانەی تا ئەم وادەیە پشتڕاستبوونەتەوە، گەیشتوونەتە  81هه‌زارو 93 کەیس ، بەڵام بە لابردنی ژمارەی ئەو کەسانە لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، 5هه‌زارو 120 تووشبووی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌، هەروەها ڕۆژانە ٢ بۆ ٣ هەزار کەس چاک دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ماڵەوە. 

ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە چارەسەریان وەرگرتووە و رزگاریان بووە، گەیشتووەتە زیاتر لە 70 هەزارکەس، هەروەها ژمارەی تووشبووانی نوێ بەردەوام لە دابەزیندایە، لەم ساتەی کە ئێمە قسەی تێدا دەکەین، چەند کەیسێکی نوێ تۆمارکراون، لە کاتێکدا مانگێک لەمەوپێش هەزاران کەیسی نوێ ڕۆژانە تۆمار دەکران و زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی مردنی ڕۆژانەش تۆمار دەبوو.
ئەمە پیشانی دەدات، ئێمە بەشێوەیەکی سەرەتایی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەمان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک تیمی زانستی ئەنجامی باشیان لە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان دەستکەوتووە. لەوکاتەوەی کە پەتاکە بڵاوبوویەوە، لە ژێر ڕێبەرایەتییەکی بەهێزی سەرۆک شی جینپیگ و حزبی کۆمۆنیستی چین، تەواوی وڵات پێکەوە ڕووبەڕووی بوونەوە و زۆر بە وردی و دروستی و بەهێزیی.
بۆ نموونە، حکومەتی ئێمە شارێکی داخست بە ١١ ملیۆن کەس دانیشتوانەوە بۆ ڕێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، تەواوی سەرچاوەکانی ژیانکردنی گۆڕانکاریی بەسەردا هێنا،  بۆ ئەوەی خەڵک خواردنی خاوێنیان پێبگات،  ٤٢ هەزار تیمی تەندروستی پێکهێنا، پاشان هەموو کەرەستەیەکی پزیشکی خۆ پارێزی دابینکرد، تەواوی وڵات پشتیوانییان بۆ ووهان دەربڕی.
حکومەتی ئێمە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا، دوو نەخۆشخانەی زەبەلاحی بنیاتنا ١٤ یاریگا و کارخانە و زانکۆ و شوێنی مانەوەی خوێندکاران و پێشانگاکانی گۆڕی بۆ نەخۆشخانەی کاتی، کە هەریەکێک لەوانە توانای لەخۆگرتنی هەزاران نەخۆشی هەیە.

دەتوانین بوودجە و تەکنەلۆژیا و کەرەستە و کارخانە و بازنەی ئابووری و ژێرخانی ئابووری بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکەین

 

خەڵکی ئێمە هاوکاری حکومەت دەکەن، خۆیان بە ئاگایانە لە ماڵەکانیان بۆ ماوەی مانگێک کەرەنتینە کرد، دکتۆر و کارمەندە پزیشکییە ئازاکانمان دژی ڤایرۆسەکە دەجەنگان، بە ڕۆحی خۆ قوربانییکردن، ئێستا دەیان توێژینەوە لە سەر ڤایرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئەنجامدەدرێن.
من دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر خاڵێک بە دیاریکراوی، ژمارەی تووشبووان بەم ڤایرۆسە زۆرە،  بەڵام رێژەی قوربانیانی لە چین لەسەدا 2.1% کەمتر لەسەدا 0.4% لە دەرەوەی هۆبی بوون، کە ئەمە تا ئێستا زۆر کەمترە لە ڤایرۆسی سارس کە لە %١٠ بوو، ئیبۆلا %٤٠.٤ و ئەو ڤایرۆسەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بڵاوبوویەوە لەسەدا 34% بوو.
ئەوە بەوشێوە ترسناک نییە کە بیرمان لێکردبوویەوە، بارودۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی باش دەڕوات، خەریکە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاسایی دەبێتەوە، هەر بۆیە ئێمە زۆر متمانەمان بۆ خۆمان لادروست بووە و دەبێت سەربکەوین. خەڵکی چین بە درێژایی مێژوو، رووبەڕووی چەندین بارودۆخی سەخت بووەتەوە، هیچیان ئێمەی لاواز نەکردووە بەڵکو ئێمەی بەهێزتر کردووە، کاردانەوەی ئێمە بێوێنە بوو، بەرگریکردنەکەمان مێژوو دەینوسێتەوە.
ژیان: دەگوترێ حکومەتی چین، ئاماری راستەقینەی قوربانیانی کۆرۆنا دەشارێتەوە؟
نی رۆچی:
حکومەتی چین هەمیشە زانیارییە پەیوەندیدارەکانی بە کراوەیی هێشتەوە، بە شێوەیەکی شەفاف بە هەستێکی بەرپرسیارانە، پاشان هاوبەشی پێکردنی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئێمە دەخوازین جیهان زیاتر پشت بەو زانیارییانە ببەستێت کە بەفەرمی بڵاودەکرێنەوە، نەک متمانە بە دەنگۆی بێ بنەما ببەستێت.
لە ٢٠ کانوونی دووەمەوە، ژمارەی ڕۆژانەی تووشبوان بڵاوکراوەتەوە، تەنانەت بۆ ئەو ناوچە ناوخۆییانەش کە هیچ حاڵەتێکیان تێدا تۆمار نەکراوە.لە ٢١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، لیژنەی نیشتیمانی تەندروستی چین، دەستیکرد بە کۆکردنەوەی زانیاریی بە پێی هەرێمەکان و پاشان بڵاوکردنەوەیان، زانیارییەکان ڕاستەوخۆ بۆ جیهان و خەڵکی چین بڵاودەکرێنەوە. 

ژیان: کۆرۆنا خەریکە دەرگای جیهان بەرووی وڵاتەکەتان دادەخات، پێتانوایە ئەگەر ئەوە بەردەوامبێت، ئابووری زەبەلاحی چین پەکبخات؟
نی رۆچی:
کاریگەریی پەتاکە لە سەر دۆخی ئابووری چین کاتیی دەبێت و درێژخایەن نابێت، ئێمە سیستمێکی تەواوی پیشەسازیمان هەیە، بازاری گەورەی ناوخۆیی و دەرەکیمان هەیە، کشتوکاڵێکی بەهێز، گەشتیاریی و زانیاری پیشەسازییمان هەیە، بە بەهێزی لە بێدەنگییەوە دەستپێدەکاتەوە، دۆخی ئابووری چین لەوپەڕی باشیدایە بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو مەترسییەکان و ئاڵنگارییەکان ، سەقامگیری بنچینەکانی ئابووری هیچ گۆڕانکارییان بەسەر نەهاتووە و نایەت، لەدوای زریان، پەلکە زێرێنەش دەردەکەوێت. ئێمە زۆر ئاسودە و دڵنیاین کە چین بەهێزتر دەبێت بەهۆی پەتاکەوە.
ژیان: پەیوەندییە بازرگاییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کورستان لە چ ئاستێکدایە؟
نی رۆچی:
چین و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نزیکی ئابوورییان هەیە، ئەم پەیوەندییە ئابوورییە نزیک و نزیکتریش دەبێتەوە، ئێستا، دەیان کۆمپانیای چینی لە هەرێمی کوردستانن کە زیاتر لە ٢ هەزار تایبەتمەندی تەکنیکی و بەڕێوەبردنیان لە نێواندایە.بەشێکی زۆریان زیاتر لە ١٠ ساڵە بەشدارییان لە بنیاتنانی هەرێمی کوردستان کردووە، لە زۆر بارودۆخی سەخت و ناخۆشدا لەگەڵ خەڵکی کوردستان بوون. ئەمڕۆژانە خەڵکێکی زۆری کورد کە ماوەیەکی زۆرە لە چین دەژین، دێن سەردانی ئێمە لە کونسوڵییەت دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی چین نیشاندەدەن، ئەمە نیشانەی نزیکی پەیوەندی ئابووری ئێمەیە. 

ژیان: ئێستا قەبارەی هەناردەی کاڵای ئێوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا ملیارێک دۆلارە، ئەو قەبارەیە بۆ ئێوە پەسەندکراوە؟
نی رۆچی:
ئێمە ژمارەیەکی دروست و تەواومان لەبەردەست نییە، بەڵام پشت بەست بە چەند ئامارێکی ژووری بازرگانی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە پێنج ملیار دۆلار.بەڵام بۆ هەموو عێراق، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگی چین، ساڵی ڕابردوو قەبارەی بازرگانی گەیشتووەتە ٣٣ ملیار دۆلار،  کە 7.9%بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو زیادیکردووە. لە ناو ئەو ژمارەدا، قەبارەی هاوردەکردن لە عێراقەوە نزیکەی ٩ ملیار دۆلار بووە، کە نزیکەی 19.7% زیادیکردووە، هەروەها قەبارەی هەناردەکردن بۆ عێراق ٢٣ ملیار دۆلار بووە 6.1% زیادی کردووە. 

ژیان: تێڕوانینی ئێوە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان چییە، تەنیا وە بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانتان سەیری دەکەن یان وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامدەدەن؟
نی رۆچی:
هەرێمی کوردستان ئایندەیەکی ڕۆشنی هەیە، ئەوەی ئێمە دەیبینین، لە دوای پێکهێنانی حکومەتەوە تەرکیزی لەسەر کەرتی کشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە، ژمارەیەک چاکسازی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجامدراون کە وا دەکەن کوردستان لە جوڵەیەکی باشی بەرەوپێشچوون و چاکسازیی کۆمەڵایەتی و ئەمنییدا بهێڵنەوە.
ئێمە وەک هاوڕێیەکی نزیک و شەریک و هاوکارێکی باش، مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکەین، لە بواری ئابورییدا دەوڵەتی چین هەمیشە پابەندە بە مەفهومی بەرژەوەندی هاوبەش بۆ  بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 سیستمی پیشەسازی چین، سیستتمێکی تەواوکراوە. خاوەن تەکنەلۆژیایەکی بەهێزە، ئێمە دەتوانین بوودجە، تەکنەلۆژیا، کەرەستە، دابینبکەین، هەروەها دەتوانین کارخانە بونیات بنێین، بازنەی ئابووری و ژێرخانی ئابووری بەرەوپێش ببەین، هەمان شت بۆ بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتیارییش دەبێت، ئەم هەماهەنگییە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە دەبات.جگە لە بەرەوپیشبردنی ئابووری، ئێمە هەروەها ئاڵوگۆڕی کلتووری و چالاکی فێرکاریی ئەنجامدەدین، بۆ نموونە، قسەیەکی کۆنی چینی هەیە دەڵێت: وا باشترە کەسێک فێری ماسی گرتن بکەی، نەک ماسی بدەیتێ بیخوات.
هەموو ساڵێک ئێمە ژمارەیەکی بەرچاو شوێنی تەکنیکی فێرکاریی بۆ هەرێمی کوردستان دابیندەکەین، پێکهاتەی فێرکارییەکان پێکدێن لە ئاشکراکردنی مادەی سروشتی، بەڕێوەبردن، تەکنەلۆژیا و هتد. ساڵی ڕابردوو، ئێمە ٧٠ شوێنی ڕاهێنانمان بۆ هاوڕێ کوردەکانمان کردەوە. هەموو ساڵێک ئێمە گەنجانی کورد، سکۆلەرشیپ و ڕۆژنامەنووسان ڕێکدەخەین بۆ ئەوەی سەردانی چین بکەن بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی کلتووری. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، زانکۆی سەلاحەدین بە فەرمی بەشی چینی کردەوە کە بەرهەمی باشی هەماهەنگی ئاڵوگۆڕی کلتووریمانە، لە دوای تێپەڕبوونی پەتاکە، چاوەڕوان دەکرێت بەزوویی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین بکرێتەوە. 

ژیان: لە بواری مرۆییدا هیچ هاوکارییەکتان پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە؟
نی رۆچی:
ئێمە عادەتەن دەڵێین، هاوڕێ ئەو هاوڕێیەیە لە پێویستیدا هەبێت. ساڵی ٢٠١٤ لە خراپترین کاتدا کە داعش پەرەیدەسەند، چین کونسوڵی خۆی لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر کردەوە، ئەوە بە تەواوی دەرخەری ئامانجی چینە لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها دەرخەری پشتیوانی سەقامگیری سیاسی و بەرەوپێشبردنی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو، ئێمە هاوکاری زۆرمان پێشکەشکردووە، بۆ نموونە لە ٢٠١٤ و ٢٠١٦ دوو وەجبە هاوکاری مرۆییمان بە قەبارەی ١٠ ملیۆن دۆلار پێشکەشکرد، ساڵی ڕابردوو ستافی باڵیۆزخانەی چین و کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، بڕی ١٠٠ هەزار دۆلارمان بە کاش بۆ حکومەتی هەرێم دابینکرد کاتێک بەهۆی ئاوارەکانەوە فشاری زۆری لەسەر دروست ببوو.لەم ساڵانەدا ئێمە کەرەستەی پزیشکی و ڕاهێنانمان بۆ نەخۆشخانەکان و زانکۆکان دابینکردووە، لە ٨ی ئەم مانگەش ٢٠٠ هەزار ماسکمان بۆ حکومەت دابینکردووە، بۆ ڕووبەرووبونەوەی کۆرۆنا. 

ژیان: پێت وایە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەهۆی جەنگی بازرگانی ئەم دواییەی ئەمریکا و چینەوە بێت؟
نی رۆچی:
ئێمە هێشتا کەلێنی باشمان لە سەر ڤایرۆسەکە خۆی دەستکەوتووە، زاناکان لە چین و لە WHO و تەواوی جیهان، هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن بۆ تێگەیشتن لە ڤایرۆسە نوێیەکە، لە هەمان کاتیشدا خەڵکێکی زۆر گومانی ئەوە دەبەن، ئەوە جەنگێکی بایۆلۆجی نێوان چین و ئەمریکا بێت، بەشێک لەوان دەڵێن ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی ئەمریکاوە هاتووە، بەشێکیشیان دەڵێن لە تاقیگەکانی چینەوە بووە، دروستکردنی ئەم گومانانە زۆر مەترسیدار و بەئازارە، کار لەسەر هەوڵە هاوبەشەکان دەکات، دژی پەتاکە. ئەوەی ڤایرۆسەکە لە کوێوە هاتووە، ئێمە هێشتا بەدوایدا دەگەڕێین، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان دیارییکردووە، وا دەردەکەوێت لە هەندێک ئاژەڵەوە سەرچاوەی گرتبێت و پێویستە بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکەین. 

ژیان: وەک دەزانن ڤایرۆسەکە ئێستا ڤایرۆسەکە گەیشتوەتە هەرێمی کوردستان، ئێوە ئامادەن هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی؟
نی رۆچی:
ئێستا چین لە کاتێکی سەختی شەڕکردندایە لە گەڵ پەتاکە، هەروەها بارودۆخی ناوخۆیی بەرەو باشبوون دەڕوات، مەترسییەکە هێشتا نەڕۆیشتووە و کەمی پێداویستی پزیشکی، هێشتا بوونی هەیە.
ڤایرۆس دوژمنێکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە، تەنیا لە ڕێگەی هاوکاری نێودەوڵەتییەوە ئێمە دەتوانین لە ناوی ببەین، ئێمە پێمانخۆشە هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەین کە ڤایرۆسەکە تێیاندا بڵاوبووەتەوە، کونسوڵخانەی چین ٢٠٠ هەزار ماسکی بۆ حکومەتی هەرێم دابین کردووە، شارەزا چینییەکان و ژمارەیەکی گەورە لە هاوکارییە پزیشکییەکان حەوتی ئەم مانگە گەیەندرانە عێراق، هەنگاوی داهاتوومان هاوکاری نزیکی حکومەتی هەرێم دەکەین بە پێی کات و زانیاریی و ئەزموونی خۆمانیان  لەگەڵ هاوبەش دەکەین.

ژیان ئەوەندەی تۆ ئاگادار بیت، هیچ هاوڵاتییەکی کورد لە چین تووشی کۆرۆنا بووە؟
نی رۆچی
: هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە، دەسەڵاتدارانی چین هەوڵی تەواوی خۆیاندا بۆ ئەوەی کەسانی بیانی پارێزراو بن، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی ورد و گرنگی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتە بەر، ئەوەندەی من ئاگادار بم، هیچ هاوڵاتییەکی کورد لە چین تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە.