لوقمان وەردی بۆ ژیان: سێ کادرەکەی یەکێتی لە قەسرێ ئازادکران


کەمێک پێش ئێستا سێ کادری یەکێتی کە لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکرابوون ئازادکران.

ژیان_ سلێمانی: لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٠،  کادرێکی یەکێتی و دوو پێشمەرگەی ئەو حزبە کە لە لایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکرابوون ئازادکران.

بە پێی زانیارییەکانی (تۆڕی هەواڵی ژیان)، ئەو  سێ کادیرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بێ بڕیاری دادوەر بە تۆمەتی یارمەتیدانی پەکەکە لە لایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکراون، بەڵام ئاسایشی سۆران لە راگەیەندراوێکدا رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، بە هۆی شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و هەروەها گواستنەوەی خەڵک بە قاچاخ لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران، جیا لەم سەرپێچییە هیچ هۆکارێکی دیکە بۆ دەستگیرکردنی ئەم هاوڵاتیانە نەبووە.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سۆراندا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەو سێ کەسە ئازاد کران، هیوادارین لەم دۆخە سەختەدا هەموو لایەنە سیاسییەکان هاوکارمان بن، تاوەکو یاسا و رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێبکرێت.

شەوی رابردوو لە سنوری ناحیەی قەسرێ (شەمال شەھید ملا کوردستانی) کادری یەکێتی لەو سنوورە و (کارۆخ بەکر و رەمەزان ئەسکەندەر) لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکران و ئێوارەی ئەمڕۆ ئازادکران.