کەشناسی وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین ئاشکرادەکات


بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی رایگەیاند، هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى درێژبوونەوەى نزمە پاڵە پەستۆکانى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سور و نیمچە دورگەى عەرەبى و باران دەبارێت و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە.

ژیان_ سلێمانی: بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومە لەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە 26-3-2020 سەرەتاى هاتنى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچە جیاجیاکانى هەرێم بەدیار دەکەوێت، باران بەشێوەى پچڕپچڕ لە ناوچە شاخاویەکان دەبارێت سەنتەرى پارێزگاکانیش ئەگەرى نمە بارانى هەیە.

کەشناسی دەشڵێت، سبەینێ هەینى لە شەودا کاریگەرى ئەم شەپۆلە کاردەکاتە سەر تەواوى ناوچەکەمان بارانبارین لە تەواى ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەرى پارێزگاکان دەبارێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆک وەک (دینارتە ئاکرێ سەرسەنگ ئامێدى کانى ماسى) هەروەها بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى هەولێر وەک (رواندز سۆران چۆمان حاجى ئۆمەران سیدەکان بارزان مێرگەسوور )بارانیان زیاتر دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رۆژى شەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە بەردەوامى دەبێت جگە لە بارانبارین ئەگەرى هاتنى بارستە هەوایەکى تۆزوخۆڵ هەیە بۆ سەر ناوچەکەمان لە هەندێک ناوچە بە شێوەى تۆزوخۆڵ و لە هەندێک ناوچە لەگەڵ باران تێکەڵ دەبێت.

سەبارەت بە کۆتایهاتنی ئەو شەپۆلە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە رۆژى یەکشەممە لاواز دەبێت و ئاسمان لەو رۆژەدا بە نیمچە هەورى دەمێنێتەوە، رۆژى دووشەممە دووبارە لە زۆربەى ناوچەکان بارانبارین دەبێت و لە هەمان رۆژ بارانبارین کۆتاییدێت کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کۆتاییدێت، لەو ماوەیەشدا پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە و هەندێکجار هەورە تریشقەش دەبێت و ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆک ئەگەرى تەزرە بارین هەیە.