حاجی سالار بۆ ژیان: تەندروستیم باشە و داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لەماڵەكانیان بمێننەوە


حاجی سالار یەكێك لە تووشبووانی كۆرۆنا ڕایدەگەیەنێت، پشكنینەكانی پاك دەرچووە و ئەمشەو نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە.

ژیان_چۆمان عوسمان: حاجی سالار،یەكەم تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەربەبەندیخان دوای چاكبوونەوەی لە نەخۆشییەكە لە لێدوانێكیدا بۆ (ژیان) وتی، دوای چارەسەر وەرگرتن، دووجار پشكنینی  بۆ كراوە و پاك دەرچوون و چاكبووتەوە، ئەمشەو دەگەڕێتەوە ناو خانەوادەكەی خۆی.

دەشڵێت" ڕاگەیاندنی ئەو وەك یەكێك لەو كەسانەی  تووشبوون بە ڤایرۆسەكە، خێری پێوە بووە، چونكە لەدوای ئەوە  ڕێكارە تەندروستییەكان توندتر كراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی دەربەندیخان زیاتر خۆیان بپارێزن.
حاجی سالار ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا تەندروستی زۆر باشە و دەگەڕێتەوە قەزای دەربەندیخان و نێو كەسوكارەكەی.

داواش لە هاووڵاتیان دەكات، خۆپاراستن گرنگە و دەبێت لەماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوە و ڕەچاوی ئەو ڕێنماییە تەندروستیانە بكەن كە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ ڕایانگەیاندووە.

ئەمشەو بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویكردەوە، 12 تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوای وەرگرتنی چارەسەری  چاكبوونەتەوە و گەڕێندرانەوە ماڵەكانیان.

ئەوە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی تەندروستی ڕایانگەیاند، حاجی سالار تووشبووی ڤایرۆسەكەیە و چەندین كەسیش لە خێزان و كەسە نزیكەكانی كەرەنتین كران و پشكنینیان بۆ كرا.

تەندروستی سلێمانی، ئاشكراشیكرد، ژمارەی ئەو كەسانەی چاكبوونەتەوە 39 كەسن و دوای وەرگرتنی چارەسەری گەڕاونەتەوە ماڵەكانیان و ڕۆژ بەڕۆژ  ژمارەی ئەو كەسانەی چاكدەبنەوە لە زیادبووندایە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی كوردستان (١٠٣) تووشبوو، هەیە لە نێویاندا (٢) مردن هەیە و (39) نەخۆش بەتەواوی چاكبوونەتەوە، ئەوانی دیكە هەموویان لە ژێر چاودێری پزیشكی دان و دوو كەسیش گیانیانلەدەستداوە.