بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە مەگەڕێن


هیچ کاتێک بەقەدەر ئێستا، بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی گیرۆدەنەبوون بەدەست ئەو پرسیارانەی لە سەرتاسەری جیهانەوە بە لێشاو خۆیان دەکەن بە بارەگەکەیاندا، بەڵام ئەو پرسیارەی کە تەواوی جیهان تینووی وەڵامەکەیەتی، رێکخراوەکەش نایزانێ.

ژیان_ئاژانسەکان: بەرپرسی فریاکەوتن لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ ئێستا بەهێزترین چەک بۆ شەڕکردن لەگەڵ کۆرۆنا، چڕکردنەوەی پشکنینەکانە، بۆ ئاشکراکردنی زیاتری رێژەی تووشبووان و جیاکردنەوەیان، لەوە زیاتر هێشتا چەکێکی کاریگەرتر نییە"ئێمە نازانین کەی ئەم ڤایرۆسە کۆتایی دێ".

مایکل ریان، قسەکەری رێکخراوە جیهانییەکە بە (ئەسیۆشێدپرێس)ی ریاگەیاندووە "ژیان لەگەڵ ڤایرۆس، بۆ وڵاتان و کۆمەڵگاکان قورسە، تاوەکو ئەوکاتەی پێکوتەیەک دەدۆزرێتەوە، لە خۆپارێزیی زیاتر هیچ رێگایەکی دیکە نییە".

مانگی 12 ساڵی رابردوو کەسێک تووشی کۆکە و تەگەنەفەسی هاتبوو، دوای پشکنین پزیشکە چینییەکان لە وهان نەخۆشییەکەیان وەک ڤایرۆسێکی نوێ ناساند و دواتر رێکخراوی تەندروستی جیهانی، کۆڤید 19وەک ناوە زانستییەکەی ناساند، تاوەکو ئێستا لە سەرتاسەری جیهان نزیکەی 700 هەزار کەس تووشبوون و  زیاتر لە 32 هەزاریش گیانیان لە دەستداوە. 

تەواوی حکومەت و کۆمەڵگاکانی جیهان خەریکە بە تەواوی لە جوڵە دەکەون و ژیان دژوار و سەختبووە، هەر بۆیە بەردەوام دەپرسن، کەی ئەم ڤایرۆسە کۆتایی دێ؟

مایکل ریان دەڵێ،"لەم کاتەدا هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی کۆتایی دێ. هەموومان لە بەردەم داهاتووییەکی نادیارین بۆ چارەسەری کۆتایی".