لەوڵاتێکى عەرەبى بەهۆی کۆرۆنا کەس گیانی لەدەستنەداوە


هاووڵاتییانى کوەیتى کاتێک لە خەوهەستان، رۆژەکەیان بە هەواڵێکى خۆش دەستپێکرد کە لەتوویتەرى وەزیرى تەندروستى وڵاتەکەیان بڵاوکرابووەوە. وەزیر سوپاسى خودا دەکات بۆ ئەو هەواڵەى پزیشکەکان پێیان راگەیاندبوو.

ژیان- سلێمانى: باسل سوباح، وەزیرى تەندروستى کوەیت، لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە توویتەر نووسیبووى " سوپاس بۆ خودا، هاووڵاتییەکى تووشبوو بە کۆرۆنا چاکبووەتەوە کە تەمەنى 82 ساڵە، ئێستا ژمارەى ئەوانەى چاکبوونەتەوە گەیشتە 73 حاڵەت".

رۆژى دوو شەممە 31 ئادار، وەزارتى تەندروستى کوەیت تووشبوونى 11 کەسی دیکەى بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە. بەوەش ژمارەى تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتە 266 حاڵەت، بەڵام ئەوەى سەرنجڕاکێشە تاوەکو ئیستا هیچ کەسێک بەوهۆیەوە گیانى لە دەستنەداوە.

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى کوەیت، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دووکەس لە تووشبووەکان بە هۆى سەفەرەوە بووە بۆ دەرەوە و 8 حاڵەتیش بەهۆى بەریەککەوتنەوە بووە و یەکێک لە تووشبووکان، خاوەنى رەگەزنامەى هیندییە.