ئێران؛ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا 44 هەزاری تێپەڕاند


وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا 141 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە و سێ هەزارو 111 کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ژیان_ئێران: ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئاداری 2020، کیانوش جیهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتوەتە 44هەزار و 606 کەس.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 141کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە، بەوەش كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی بە ڤایرۆسەكە مردوون گەیشتە  دوو هەزار و 898  كەس.

ئەمە لەکاتیکدایە، بەپێی ئاماری تەندروستی ئێران تاوەکو ئێستا 14 هەزار و 656 کەس دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چارەسەریان وەرگرتوە و لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.