سوپاى پاسداران یارمەتى ئەمریکا دەدات


سوپاى پاسداران ئاشکرایکرد، ئەو ئامێرەى بۆ پشکنینى کۆرۆنا دروستیانکردووە، وەکو یارمەتى پزیشکى دراوە بە باڵوێزخانەى سویسرا تاوەکو بگات بەدەستى ئەمریکیەکان و بەکاریبهێنن.

ژیان_ئێران: هادى زوهەیر، بەڕێوەبەرى زانکۆى"بقية الله"، بۆ زانستى پزیشکى بە ئاژانسی سپۆتینگ-ی راگەیاندووە، ئامێرى پشکنینى کۆرۆنایان پێشکەشى ئەمریکا کردوو،کە دروستکراوى زانکۆکەیانە، دەڵێت: "ئەو ئامێرانەیان ڕادەستى باڵوێزخانەى سویسراکردووە، کە لینکى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە تاران، ئەوەش وەکو پەیامێکى دۆستانەیە، کە ئێران دووژمنى ئیدارەى ئەمریکایە، نەک گەلەکەى".

پێشتر، مایک پەمپایۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەڕێگەى باڵوێزخانەى سویسراوە پەیامى ئەوەى بۆ ئێران ناردبوو، دەتوانن هاوکارى گەلى ئێران بکەن لەم دۆخە سەختەدا کە بەهۆى کۆرۆناوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە پێداویستى پزیشکییان بۆ دەستەبەربکەن.

ئەم هاوکارییەى سوپاى پاسدارانى ئێران، کە لەناو لیستى تیرۆرى ئەمریکادایە، لەلایەن ئاژانسەکانى هەواڵەوە والێکدرایەوە، ئەم پەیامەى سوپا وەڵامى هاوکارییەکانى پۆمپیۆ بوو کە ئێران ڕەتیکردەوە.

بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، ئێران تائێستا ٢هەزار و ٧٥٧ کەس بەهۆى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، زانکۆى "بقية الله" بۆ زانستى پزیشکى ئاشکرایکرد، توانیویانە ئامێرى پشکنینى کۆرۆنا بدۆزنەوە.