جەبار یاوەر بۆ ژیان: کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا کاریگەرى خراپیان دەبێت


وەزارەتى پێشمەرگە لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەچەند ناوچەیەکى عێراق، روونکردنەوە دەدات و ئەمیندارى وەزارەتەکەش دەڵێت"کشانەوەى ئەو هێزانە کاریگەریەکى خراپى لە پرسى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرستانى داعش دەبێت".

 ژیان_شادان حەسەن: جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە بە (ژیان)ى راگەیاند، کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا کاریگەرى لەسەر زیادبوونى جموجوڵەکانى داعش لەوناوچانە دەبێت، چونکە ئەمریکا رۆڵێکى گەورەى لە هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و هێزەکانى سوپاى عێراق هەبووە، لەرووى مەشق و راهێنان و  راوێژکارى و بەشداریکردن لە پڕچەکردنى هێزەکانى عێراق، بۆ رووبەرووبوونەوەى شەڕى داعش.

ناوبراو وتى: ئەمریکا سەرجەم هێزەکانى لە سه‌ربازگه‌ی (كه‌ی وه‌ن)ی كه‌ركوك، بەسمایە، گەیارە، تاجى بۆ  عەین ئەسەد و هەریر گواستەوە، کشانەوەى هێزە ئەمریکیەکان و هێزەکانى هاوپەیمانان کاریگەرى خراپى لە پرسى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرستانى داعش دەبێت، لەو شوینانەى پێشتر ئەو هێزانەى تێدا جێگیرکرابوون.

وتەکانى ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە دواى ئەوە دێت،  لەماوەى رابردوودا بنکەو بارەگاکانى سوپاى ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکى عێراق مووشەک بارانکران کران، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ سه‌رجه‌م سه‌ربازان و كارمه‌ندانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ربازگه‌ی (كه‌ی وه‌ن)ی كه‌ركوك بەڕێککەوتنى نێوان حکومەتى عێراقى و  نوێنەرى ئەمریکا بۆ کاروبارى سەربازى لەعێراق کشانەوە.