غالب محەممەد: پارەی مووچەی فەرمانبەران هەیە حکومەت قەرزەکانی پێدەداتەوە


ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ ئەم مانگەش لە لایەن بەغدادەوە هیچ کێشەیەک بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دروست نابێت، بەغداد لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا پارەکە دەنێردرێت.

ژیان_سلێمانى: غالب محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ى راگەیاند "حکومەتى هەرێم لە ماوەی 23 رۆژدا 900 ملیار دیناری بۆ مووچە لە بەغداد وەرگرتووە، دەبوو فەرمانبەران مووچەیەک وەربگرن، بەڵام دەەبینین تاوەکو ئیستا نیوەى فەرمانبەران مووچەکەیان وەرنەگراتووە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەندەى بەدواداچوونم کردووە، بۆ ئەم مانگەش لە لایەن بەغدادەوە هیچ کێشەیەک بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دروست نابێت و پارەکە لە کاتى دیارى کراوى خۆیدا دەنێردرێت و دەستکارى ناکرێت.

دەشڵێت، حکومەتى هەرێم نایەوێت مووچەى فەرمانبەران لەکاتى خۆیدا بدات، چونکە  قەرزەکانى پێدەداتەوە، لە کاتێکدا پێویستە دەست بۆ داهاتى خاڵە سنورییەکان و کەیسى نەوت و مووچەى بندیوارەکان ببات، دەستکارى مووچەى فەرمانبەران دەکات و لە وادەى دیاریکراودا نایدات.

وتەکانى ئەم ئەندام پەرلەمانەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دواى ئەوە دێت، دەنگۆى ئەوە هەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت گۆرانکارى لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمدا بکات و رێژەیەک لە مووچەکانیان کەمبکاتەوە.