قائیمقامی پێنجوێن بۆ ژیان: ناوچەکەمان هێڵی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە

تێكەڵاوییەك هەیە ئەگەر چاودێری نەكرێت، ئەگەری هەیە مەترسی رووبدات"

قائیمقامی پێنجوێن رایدەگەیەنێت، ناوچەکەمان هێڵی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، تێكەڵاوییەك هەیە ئەگەر چاودێری نەكرێت، ئەگەری هەیە مەترسی رووبدات.

ژیان_شادان حەسەن: زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ (تۆڕی هەواڵی ژیان)، باس لەئامادەکارییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و دەڵێت، ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن هیچیان دانیشتووی پێنجوێن نین، دەشڵێت" پێنجوێن بە ناوچەی مەترسیدار دانراوە".

ژیان: دوای ئاشكرابوونی حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پێنجوێن ڕێوشوێنەکانتان چۆن تووند کردووەتەوە؟
زانا رەحمان:
لە راستیدا ئەو دوو حاڵەتەی كە راگەیەندرا بەو شێوەیە نەبوو، چونكە لە پێنجووێن نەبوون، بەڵكو لە گەشتكردن بوون و لە ئێران گەڕابوونەوە، یەكەم حاڵەتیان كە پیاوێكی تەمەن 32 ساڵان بوو دانیشتووی پێنجوێن نییە، تەنها بە ناسنامە خەڵكی ناوچەی پینجوێنە، ئەگەرنا ماوەی 10 ساڵ زیاترە ناوبراو لە گوندی سیاگوێز دانەنیشتوو، بەڵكو لەدەرەوەی پینجوێن نیشتەجێییە، ئەو ژنەش كە تەمەنی 60 ساڵە بۆ خۆی دانیشتووی سلێمانییە و زۆر بەكەمی دێتە پێنجوێن، باری تەندروستیان جێگیرە، پێش ئەوەی ئەو بارودۆخە بێتە پێشەوە  لە 22ی مانگی شوباتەوە دەستمان بە ڕێکارەکان كردووە، چونكە پێنجوێن ناوچەیەكی سنووریە و  لە رووی تەندروستییەوە بە بازنەیەكی مەترسیدار دانراوە كە ئەمە بازنەیەكی سوورە لەرووی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەهەماهەنگی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان و هاوكات تیمە تەندروستی و لیژنەكان و ئاسایش و پۆلیس و تیمە تەندروستییەكان كۆمپانیا پاكەرەوەكان بە یەك تیم كاردەكەن.

ژیان: ئایا هێشتا قاچاخچی لەو ناوچەیە هەوڵدەدەن بە نهێنی هاتوچۆ بکەن یان خەڵک بگوازنەوە؟

زانا رەحمان: بەهۆی ئەوەی 150 كیلۆمەتر هاوسنورین لەگەڵ ئێران، رێگەیەكی زۆرمان هەیە هاتوچۆی لێوەبكرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەكان زۆر توندن لە پرسی قاچاغ، بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە و رێگەوبان و بە بڕیاری وەزیر زیاتر لە 15 رۆژە تیمەكانی ئاوەدانكردنەوە لە سنووری قەزای پێنجوێن لە هەوڵدان ئەو رێگانەی لاوەكین و رێگەی قاچاخن دەیانگرن، سەرقاڵی رێگەی نوێن بۆ ئەو شوێنانەی گومانی ئەوەیان لێدەكرێت بە قاچاخی هاتوچۆی لێوە دەكرێت و پاسەوانی سنوور و دەزگا ئەمنییەكان لەو شوێنانە  زۆر بەوردی كاردەكەن و تاكوتەرا هەیە بەنهێنی هاتوچۆ دەكەن، بەڵام ئەوانەی كە بینراوە ئیجرائاتیان لەگەڵ گیراوەتە بەرو سەرجەم ئەو كۆگایانەی مەشروبی تێدابوو داخراون.

ژیان: هاتوچۆی بازرگانی مەترسی لەسەر ماوە؟
زانا رەحمان:
هاتوچۆی بازرگانی باشە، تیمە تەندروستییەكان و دەزگا تایبەتمەندییەكانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ زۆر بەباشی چاودێری دەكەن، بەڵام تێكەڵاوییەك هەیە ئەگەر چاودێری نەكرێت، ئەگەری هەیە مەترسی رووبدات، بەڵام هەركەسێك لەو مەرزەوە دێتە دەرەوە تەعقیم دەكرێت و رشاندنی بۆ دەكرێت و ئیجباریش كراوون كە دەستكێش و ماسك بەكاربهێنن و هاتوچۆبكەن.

ژیان: چۆن دەکرێت شۆفێرێکی ئێرانی بە بارەکەیەوە بێتە ئەمدیو و دڵنیاشبن لەوەی هەڵگری نەخۆشییەکە نییە؟
زانا رەحمان:
ئێمە تیمی تەندروستییمان هەیە، ئەو بارهەڵگرانە كە دێنە ئەمدیو پشكنینی سەرەتاییان بۆ دەكرێت، بەڵام ئێستا ئەو حاڵەتی رێگە پێدانە زۆر سنووردار كراوە، جگە لە سوتەمەنی سەرجەم بارەکانی دیكە بەبارهەڵگری عێراقی دەگوازرێنەوە.

ژیان: ئەو گوندە سنوورییانەی زۆر نزیکن یان دراوسێی گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن هاتوچۆی قاچاخییان لەگەڵ ئەودیو نییە؟
زانا رەحمان:
خەڵكی گوندەكان زۆر باشن، ئەوەی كە قاچاخچی دەكات كەمترینیان خەڵكی گوندەكانن، سروشتی قاچاخچیش وایە سنوور ناناسێت، بەڵام ئێمە بۆخۆمان چاودێری سەرجەم خاڵە سنوورییەكان دەكەین، رێنمایمان پێداون و داوامان لە تیمە تەندروستییەكان كردووە، ناوبەناو پشكنین بۆ خەڵك دەكەن و داواشمان لێكردون  بۆگوندە دوورە دەستە سنورییانە تیمەكان بچن پشكنینیان بۆ بكەن، بە بەرنامەو  ئەو پلانەی هەیانە، بەدڵنیایەوە پشكنینیان بۆدەكەن بەتایبەت ئەو گوندانەی لە ئێرانەوە نزیكن.

ژیان: کارمەندانی مەرزی باشماخ چەند رۆژ جارێک پشکنینیان بۆ دەکرێت؟
زانا رەحمان:
تاوەكوئێستا لەناو باشماخ دووجار پشكنیین بۆ كارمەندو شۆفێرو كرێكارەكان كراوە، دواتر بۆ سلێمانی دەبرێن و ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن، هاوكات لە مەرزەكە گومانلێكراومان هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچیان پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ نەبوو، هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبوون.

ژیان: بڕیارتانداوە نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا لە پێنجوێن دروستبکەن؟
زانا رەحمان:
ئێستا لەرێگەی خەڵكانی خێرخوازەوە سەرقاڵی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكین بەسەرجەم پێداویستییە پزیشكییەكانەوە، تەنانەت چەند ئامێریكی پشكنین و ئەو ئامێرە چاودێریانەی  پێویستن لە نەخۆشخانەكاندا بوونی هەبێت دابیندەكرێت، جگە لەوەش لەئایندەیەكی نزیكدا نەخۆشخانەیەكی گەورە بونیاد دەندرێت لەسەر ئەركی خێرخواز، بەڵام تایبەت ناكرێت بە چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا بەڵكو نەخۆشخانەیەكی راوێژكاری دەبێت. 

ژیان: هاووڵاتییانی پێنجوێن تاوەکو چەند پابەندن بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و مانەوە لە ماڵەکانیان؟
زانا رەحمان:
تا رادەیەكی باش خەڵكی پێنجوێن پابەندی رێنماییە تەندروستیەكانن، بەڵام ئێمە یەك كێشەمان هەیە لە سنوورەكە ئەویش ئەوەیە وەرزی كشتوكاڵییە، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی و گرنگیدان بە بەروبوومە ناوخۆییەكان دەبێت كشتوكاڵ بكەن،  جگە لەو جووتیارانە و دوكاندارەكان سەرجەم هاووڵاتیان لە ماڵەوە دەمێننەوە.

ژیان: چی رێوشوێنێكتان بۆ ئەو شوێنانەی ناوچەی كشتوكاڵین بەتایبەت رەز ورەزوباخەکان گرتوەتەبەر بەمەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا؟
زانا رەحمان:
ئەوانەی سەردانی كێڵگە كشتوكاڵییەكان و رەزو باخەكان دەكەن زۆر بەبڵاوی دەچن و رێگە نادرێت بەكۆمەڵ بچنە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و ئەوانەش کە رێگەپێدراون ئەندامانی خێزانەکان خۆیانن.