ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڵاوکرایەوە


بەسەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوویەوە گفتوگۆکرا لە بارەی زوو پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان.

ژیان_ سلێمانی: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٠، بە سەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی و بە بەشداری تیمی حکومەت و پەرلەمانی ئەو حزبە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ئەم دۆخە سەختە لەسەر ئابووری ھەرێم و عێراق و جیھان بڕیاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە دەستكارینەكردنی مووچەی فەرمانبەران سەرەڕای سەختی بارودۆخەكە بە گرنگ وەسفکرد.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ھەڵسەنگاندنی دوا پێشھاتەكانی بارودۆخی عێراق، جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ھاتنەئارای ھەرچی زووە پێكھێنانی حكومەتێك كە خواستی رەوای خەڵكی عێراق و ھەرێمی كوردستان بپارێزێت و پابەندبێت بە دەستوور وەك چوارچێوەی گشتی پاراستنی مافی ھەموو پێكھاتەكان و لە نێویاندا مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەری بنەڕەتی كێشەھەڵپەسێراوەكانی نێوان حكومەتی ھەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی.

لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی پابەندبوونی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە رێنماییە تەندروستییەكان و رێكارەكانی حكومەتی ھەرێم و ستایشی شەونخونی و ماندووبوونی بێ سنووری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆی كرد كە جەنگاوەری پێشەوەی جەنگی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتیانن. 

سەبارەت بە ئەركە حزبی و رێكخراوەییەكان لە کۆبوونەوە بڕیاردرا بۆ بەگەڕخستنەوە و رێكخستنەوەی كاری ئۆرگانەكان لە چوارچێوەی پابەندی تەواو بە رێنماییە تەندروستییەكان و پاڵپشت و ھاوكاری ھەنگاوەكانی دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تەندروستی ھەرێم بن لەم بوارەدا.