سەرۆكی حكومەت: بەهۆی پێشێلكاریەكانەوە قەدەغەی هاتووچۆ درێژكرایەوە


سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی سەپاندنی ٤٨ كاتژمێری قەدەغەی هاتوچۆوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: پێكەوە ئەم جەنگە دەبەینەوە و گیانی هاونیشتمانییان دەپارێزین.

ژیان_هەولێر: مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتەر لە پەیامێكیدا رایگەیاند: "بۆ ماوەی 48 كاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆمان لە كوردستان سەپاند، پاش ئەوەی پابەندنەبوون بە رێنماییەكان زیادببوون". 

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم  دەشڵێت: "پابەندبوونتان زۆر گرنگە و دەبێت لە ماڵەوە  بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە".

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئێمەی خەڵكی كوردستان ئاشناین بە دۆخە سەختەكان، هیوادارین بە كەمترین زیان سەر بكەوین و پێكەوە ئەم جەنگە دەبەینەوە و گیانی هاونیشتمانییان دەپارێزن".