ئەمڕۆ رۆژی ژمارە پێوانەییەكانی مردن بوو


هەواڵەكانی ئەمڕۆ، بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان خەمگینكەر و بە ئازار بوون. لە توركیا و بەریتانیا و ئیسپانیا و ئەمریكا، ژمارەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژمارەشكێن بوون. 

ژیان-ئاژانسەكان: ئەمڕۆ شەممە 4 نیسان، تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڤید19، لە توركیا بەرزترین رێژەی تۆماركرد و بەپێی میدیا توركییەكان، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو، 3 هەزار و 13 كەس بووە. بەمەش رێژەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتە 23 هەزار و 934 حاڵەت. 

كۆرۆنای نوێ كۆڤید 19، ئیسپانیای بە تەواوی چەماندووەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی وۆڵد میتەر، پێنج هەزار و 537 كەسی دیكە لەئیسپانیا چوونە ریزی ئەوانەی بە ڤایرۆسەكە  گیانیان لەدەستداوە و كۆی ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بۆ 11 هەزار و 744 كەس بەرزبووەوە.

ئیسپانیا پێش ئیتاڵیا كەوت لە زۆری ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا كە 124 هەزار و 736 كەسن و شەش هەزار و 416 كەس لەوانە لە دۆخێكی ناجێگیردان. تاوەكو ئێستاش 34 هەزار و 219 كەس چاكبوونەتەوە.

كۆرۆنای نوێ، بەردەوامە لە كۆمەڵكوژكردنی خەڵك و ژمارەی قوربانیانی لە ئاستیكی بەرزدا هێشتووەتەوە. 

بەپێی دوایین ئامارەكان كە میدیاكانی ئیتاڵیا ئەمرۆ بڵاویانكردەوە، ژمارەی مردووانی 24 كاتژمێری رابردوو لە ئیتاڵیا

681 كەس بووە و  بەمەش ژمارەی ئەو كەسانەی تاوەكو ئێستا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە  15 هەزار و 362 كەس. لەو وڵاتە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، لە 125 هەزار كەس نزیكبووەتەوە و لەو ژمارەیە 20 هەزار و 996 كەس چاكبوونەتەوە.

لە عێراقیش كۆرۆنا سەرەتای هەفتەی كردە شەممەی ڕەش، دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوو 58 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. بەمەش ژمارەی تووشبووان لە عێراق و هەرێمی كوردستان گەیشتە 878 كەس.

ئەو هێرشە بەرفراوانەی كۆرۆنای  نوێ لە هەموو گۆشەیەكی دنیاوە دەیكاتە سەرخەڵكی جیهان لە كاتێكدایە، هێشتا ناوەندەكانی توێژینەوەی زانستی پزیشكی نەگەیشتوونەتە خاڵێكی دڵنیایی بەخش لە دۆزینەوەی پێكوتەیەك و نوێترین هەواڵ لەوبارەیەوە، ئەو دەرەنجامەیە كە توێژەرە ئوستوراڵییەكان پێیگەشتوون. بەڵام ئەوەش پێویستی بەكاتی زیاتر هەیە بۆ تاقیكردنەوەی پێكوتەكەیان لەسەر مرۆڤ بۆ دڵنیابوون لە لێكەوتەكانی.