وتەبێژی تەندروستی هەولێر بۆ ژیان: سێ پزیشک و سێ کارمەندی تەندروستی تووشی کۆرۆنای نوێ بوون


وتەبێژی تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە شاری هەولێر تا وەکو ئێستا سێ پزیشک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، رەتیشیدەکاتەوە: هیچ کەسێک لە تووشبووانی هەولێر پێویستی بە هەناسەدانی دەستکرد هەبێ.

ژیان_کۆچەر عەزیز: لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ (تۆڕی هەواڵی ژیان) دکتۆر بژار موسا، وتەبێژی تەندروستی هەولێر باس لە ئامادەکارییەکانی تەندروستی هەولێر دەکات بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەڵێ، لە شاری هەولێر ٥٠ بۆ ٦٠ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە.

ژیان: ئێستا لە هەولێر چ ناوچەیەک مەترسیدارە بۆ ڤایرۆسی کۆرنا؟
بژار موسا:
شوێنێکمان نییە بە دیاریکراویی پێیبڵێین ناوچەی مەترسیدار، بەڵام بەهۆی ئەوەی حاڵەتی سەرچاوەی نادیارمان هەیە، دەکرێت هەموو شوێنێکی کوردستان بە ناوچەی مەترسیدار دابندرێت. 

ژیان: چەند تووشبووی دیکە هەیە باری تەندروستییان جێگیربێت و بەمزووانە بنێردرێنە ماڵەوە؟

بژار موسا: هەر کاتێك نەخۆشێك ماوەی پزیشکیی خۆی تەواوکرد، پشکنینی تایبەتییان بۆ دەکرێت لەماوە ۲٤ کاتژمێردا، ئەگەر دووجار نێگەتیڤ بوو، واتە پشکنینەکان ماوەی 24 کاتژمێر نێوانیان هەبێت و نێگەتیڤ بێت، دەکرێت بنێردرێنەوە ماڵەوە.

ژیان: تەندروستی هەولێر بڵاویکردەوە شەربەتی پرتەقاڵ و لیمۆ بەکاردەهێندرێت بۆ نەخۆشەکان، ئەوە هیچ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر تەندروستی نەخۆشەکان؟

بژار موسا: شەربەتی لیمۆ و پڕتەقاڵ، ڤیتامینی سروشتی زۆری تێدایە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەم ڤیتامینانە باشن بۆبەرزکردنەوەی بەرگریی لەش،  بۆیە ئێمەش بەکاریاندەهێنین.

ژیان: چەند ئامێری هەناسەدانى دەستکردتان هەیە؟

بژار موسا: بەدیاریکراویی ژمارەکەی نازانم، بەڵام لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ ئامێر دەبێت.

ژیان: ئەو رێکارانەى گیراونەتە بەر بۆ خۆپارێزیی، دەتوانى بڵێی لە سەدا چەند تووشبوونى کەمکردووەتەوە؟

بژار موسا: ئەم ڕێکارانەی گیراوەتەبەر، ڕێژەی تووشبووانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، با بێین بەراوردێك بکەین لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەردوو وڵاتی دراوسێ کە درەنگ ڕێنماییە تەندروستییەکانیان جێبەجێکرد، ئەگەر تێبینی بکەین ڕێژەی تووشبووان لەم دوو وڵاتە زۆر بەرزە و بەراورد ناکرێت بە هەرێمی کوردستان، کەواتە ئەم ڕێکارانەی حکومەتی هەرێم واییکردووە، ژمارەی تووشبووان کەم بێت.

ژیان:هەموو هیواى خەڵک لەسەر گەرمبوونى کەشوهەوایە و پارێزگاى هەولێریش ناوچەیەکى گەرمە، ئایا ئەوە دەکرێ دڵی پێخۆشبکرێت؟

بژار موسا: ئەگەر ئێمە لێکدانەوەیەکی شیکاریی بکەین، دەبینین هەموو ئەو پەتایانەی کە تووشی سییەکان دەبن بە زستان و پلەی نزمی گەرما زیاترە بە بەراورد بە هاوین، هەروەها ئەم ڤایرۆسە لە دیوی دەرەوەی پەردەیەکی چەوری هەیە، توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەدەن کەوا ئەم پەردەیە دەکرێت بە گەرمی بتوێتەوە و ڤایرۆسەکە لەناو بچێت، بەڵام ئەمە تەنها ئەگەرە و بەڵگەی سەلمێنراو نییە، بۆیە دووبارە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پابەندی ڕێنماییەکان بن و دووربکەونەوە لە بەریەککەوتن.

ژیان: بۆچى حاڵەتەکانى تووشبوون لەو  رۆژانە لە پارێزگاى هەولێر بەردەوام هەڵدەکشێن؟

بژار موسا: زۆری ژمارەی تووشبووان کە ڕۆژانە دەستنیشاندەکرێت،  ئەوە دەگەیەنێت کەوا تیمەکانی پاراستنی تەندروستی بەشێوەیەکی ورد کارەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن و حاڵەتەکان هەمووی دەدۆزنەوە و جیایان دەکەنەوە لە کۆمەڵگا، چونکە خوانەخواستە ئەم حاڵەتانە نەبینرێنەوە و تێکەڵاوی ناو کۆمەڵگا ببن، کارەساتی بەدوادێت و بەشێکی دیکەی وەڵامی ئەم پرسیارە، هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی بەشێکی کەمی هاووڵاتییان بەڕێنماییە تەندروستییەکان.

ژیان: لە کاتێکدا لە سلێمانى بەماوەى 12 رۆژ نەخۆشخانەیەکى تایبەت بە کۆرۆنا دروستکرا، بۆچى نەخۆشخانەکەى هەولێر ئەوەندە دەخایێنێ؟
بژار موسا:
نەخۆشخانەی شاری هەولێر، بەپێی ئەو پلانەی داندراوە و دیراسەتکراوە بە ماوەی ۲ مانگ تەواو دەبێت، چوونکە بەپێی ژمارەی قەرەوێڵە دیاریکراوە.

ژیان: چەند حاڵەت هەیە لە هەولێر کە بارى تەندروستییان ناجێگیر بێت؟

بژار موسا: هیچ حاڵەتێکمان نییە لە هەولێر باری تەندروستی ناجێگیر بێت، هەموویان باری تەندروستیان جێگیرە و لە ژێر چاودێریی پزیشکدان.

ژیان: چەند پزیشک و کارمەند لە هەولێر تووشی کۆرۆنا بوون؟

بژار موسا: سێ پزیشک و سێ کارمەندی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.