کۆرۆنا.. ڕێژەی بێکاری لە کوردستان بۆ سێ هێندە بەرزکردووەتەوە

لە دهۆک زۆرترین و لە سلێمانی کەمترینە

ماوەی مانگێک زیاترە ڤایرۆسی كۆرۆنا، خاوەن کارەکانی ناچارکردووە لە ماڵەوە بمێنەوە و نەچنە سەرکارەکانیان، بەوەش داهاتی ڕۆژانه‌یان بۆ ژێر سفر دابەزیوە.

ژیان_هەرێمى کوردستان: هەرچی بێکار و کەمدەرامەت و هەژارەکانە، بەهۆی کۆرۆناوە زیاتر بێکارتر و کەم دەرامەتتر و هەژارتربوون، ئەوەش وایکردووە ڕێژەی هەژاری لە کوردستان بۆ سێ هێندە بەرزببێتەوە.

هه‌رێم، کە ماوەی 20 ساڵه‌ کاری ده‌ستگێڕی ده‌كات، یەکێکە لەو کەسانەی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە کارەکەی لەدەستداوە، بەوهۆیەوە ڕۆژانە هیچ داهاتێکی ئەوتۆی دەستناکەوێت، بە وتەی خۆی له‌م ماوه‌یه‌دا بەهۆی نەبوونی داهاتەوە ژیانی ڕۆژانه‌ی سه‌ختتر بووە.

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم، تا ساڵی 2019 ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی هەژارییەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون لەسەدا پێنج بووە، بە جۆرێک زۆرترین ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ پارێزگای دهۆك تۆماركراوە ‌كه‌ لەسەدا هەشت و پۆینت شەش بووه‌، دوای ئەویش پارێزگای هه‌ولێربووە کە 6،7% بووه‌، هەرچی پارێزگای سلێمانیشە كه‌مترین ڕێژەی هەژاری تێدا‌ تۆماركراوه‌ كه‌ 4،46 بووه‌.

هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٢٠دا هیچ ڕووپێویەکی نوێ نەکراوە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی هەژاری لە هەرێم، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، بەڕێوەبەری گشتی ئاماری سلێمانی پێشبینیدەکات ڕێژه‌ی هه‌ژاری لە هەرێم له‌سه‌دا پێنجه‌وه‌ ‌بۆ لە سه‌دا 15 زیادیكردبێت‌.

هاوکات بەپێی ئامارێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانیش، له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ تائێستا مانگانە هاوكاری زیاتر له‌ 15 هه‌زار خێزان کراوە كه ‌وه‌ك خەڵکی هه‌ژار ناویان تۆماركراوه‌.

بە وتەی عومەر گوڵپی جگە لەو ژمارەیە، لەسەرەتای قەدەغەی هاتوچۆوە تائێستا بەردەوام خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت پەیوەندییان پێوەدەکات بۆ ئەوەی هاوکاری بکرێن، بەڵام حکومەت لە بەرنامەی دایە لە ڕووی خۆراکەوە هاوکاری ٢٠٠ هەزار خێزانی هەژار بکات.

بەپێی ئەو پێوەرەی دیاریکراوە، هەر تاکێک لە مانگێکدا کەمتر لە ١١٠ هەزار دینار خەرج بکات، ئەوا دەچێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بۆیە پێشبیندەکرێت ئەو لەسەدا پێنجەی کە لەژێر هێڵی هەژارییەون لە کوردستان لە ئێستادا بۆ لەسەدا ١٥ بەرزبووبێتەوە.