زینی وەرتێ چی پێوتین


ژیان_لە هەژماری ئەبوبەكر هەڵەدنی وەرگیراوە
(زینی وەرتێ)ش وەك دەستە خوشكەكانی (مەیدانی حەیوانان، كەپكی حەمەدئاگا، كەپكی شیلانە، كڵاوقاسم، دارەبەن، دێگەڵە، سماقوڵی، پیرەر، ئیبراهیم خەلیل..) چووە ناو فەرهەنگی حوكمڕانی باشووری كوردستانەوە.

زینی وەرتێ پێی وتین شتێك نییە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانی (سەرتاسەری و یەكگرتوو)، بەڵكو دوو قەڵەمڕەوی ودوو ناوچەی هەژموونی دووهێزی سیاسی كە وا بەئاسانی دەستبەرداری نابن،بۆ!؟

وەڵامەكە ئاسانە چونكە ئەو دووحزبە قەڵەمڕەوی خۆیان هەمیشە وەك كارتی گوشار بەرامبەر یەكتری بەكاردەهێنن ،ئەمە بێجگە لەوەی هەریەك لەو دوو قەڵەمڕەویە یەكانگیرن لەگەڵ سیاسەت وبەرژەوەندی وئابووری وئەجنداكانی جەمسەرێكی هەرێمایەتی یان ڕاستر ئەو دەوڵەتەی هاوسنوورە.

 هەریەك لەو دوو هێزە حاكمی ڕەهای سنووری قەڵەمرەوی خۆیەتی لەڕووی سیاسی و بەڕێوەبردن و ئابووری وسەربازی وهەواڵگیری ،هەریەكەیان لەسنووری قەڵەمڕەوی خۆیاندا سندوقی هەڵبژاردن بەقازانجی خۆیان یەكلایی دەكەنەوە لەڕێگەی پەنابردن بۆ پارە هەڵڕشتن و چاوسوور كردنەوەو وساختەكاری ڕێكخراو.

دەنگەكانی هەرهێزێكیان لەسنوورو قەڵەمڕەوی بەرامبەریان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە كە ئەو قەڵەمڕەوی وزۆنە حزبیانە چ خزمەتێكی بەو دوو هێزەكردوە لەپێناوی مانەوەیان وشوێنپێ قایم كردنیان.

ئەم دابەشبوونە شوێنەواری گەورەی كۆمەڵایەتی فەرهەنگی ودەروونی بەسەر هاوڵاتیانی كوردستان بەجێهێشتوەو لەسەرووی هەمویشیەوە پرسی ئینتیما و دیموكراسی وپێ ڕاگەیشتن بەئەركە نەتەوایەتی ونیشتمانیەكانی خستۆتە ژێر پێلەقەی ئەجنداو بەرژەوەندیە حزبیەكانەوە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە