کابینەی مەسرور بارزانی و کابینەی نێچیرڤان بارزانی...


ژیان: وەرگیراوە لە هەژماری ئیبراهیم عەلی

کاتێک بابەتێک دەنوسی و دەڵێی پارتی یەک سەرۆکی هەیە، بەڵام لەناوەڕۆکدا دوو ئاراستەی جیاوازەو لەناوخۆیدا ئەو دوو ئاراستەیە لەململانێدان. تۆ سەیری سیاسەتی کارکردنی میدیای سەرۆکی حکومەت بکەن... لەوەتەی ئەو قەیرانە دروست بووە چۆن دەیانەوێت شکستی حکومەت ببەستنەوە بە شکستی کابینەکانی پێشوو. هیچ گومانم نییە ئەو کێشانەی هەن، کێشەی دەیان ساڵەی حکومەتی کوردین. بەڵام قابیلە ئەوەی سەرۆکی کابینەی نۆیەمە ئەندامی هەمان حیزبی سەرۆکی کابینەی هەشتەم نییە؟

مەگەر کابینەی هەشتەم و نۆیەم جیاوازییان هەیە؟ ئەگەر جیاوازییان هەیە بۆچی دنیایەک تۆمەت ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەن کە لەمیدیاکانەوە باسی جیاوازییەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەکەن؟

 

لەبەرامبەر میدیای سەرۆکی حکومەتدا کە دەیەوێت هەموو شکستەکان بخاتە ئەستۆی کابینەکانی پێشوو، میدیای سەرۆکی هەرێم هەیە و کار لەسەر ئەوەدەکات کە ئەو قەیرانەی لەسەردەمی کابینەی هەشتەم هەبووە زۆر گەورەتر بووە لەقەیرانی ئێستا و ئەزموونی شەڕی داعش مەسرەفێکی خەیاڵی پێویست بوو. بەڵام قەیرانی کۆڕۆنا نیو هێندەی شەڕی داعش پێویستی بەمەسرەف نییە تا حکومەت نەتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات.

جا ماشااللە میدیای هەردوو لایان زۆر راست دەکەن لەوتن و کەشفکردنی راستییەکانی سەر یەکتر.

ئەو شێوازی کارکردنەی ئێستای ئەو دوو میدیایە بەئاشکرا، چەند شتێکی بیرخستمەوە... بەر لەساڵی ٢٠١٠ بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانیمەوە زۆرجار کەسانی نزیک لەئاراستەکەی مەسرور بارزانیم دەبینی... کاتێک باسی ئەزمونی حکومەتی هەرێمیان دەکرد یا باسی نێچیرڤان بارزانییان دەکرد قسەیەکیان دەوت،... دەیانوت کاکە گیان هەرچی دز و گەندەڵ هەیە لەچواردەوری کاک نێچیرڤان کۆبونەتەوەو ئەوانە سومعەی پارتییان لای خەڵک ناشیرین کردووە... لەبەرامبەریشدا کاتێک لەگەڵ نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانی دادەنیشتم دەیانوت کاکە برادەرانی پاراستن سومعەی ئێمەیان نەهێشتووەو هیچ کەس ناوێرێت قسەیەک بکات تێر شەقی دەکەن. هەرچی توندو تیژی هەیە ئەوان بەکاری دەهێنن ئەگینا پارتی بڕوای بەو کارانە نییە.

لەدڵەوە دەموت هەر بەڕاستی هەردوو لایان راست دەکەن. ئێستا شەڕەکە ئاشکرایەو هەردووکیان مەکینەیەکی گەورەی ئیعلامیان هەیەو ئەوەی ورد ببێتەوە لەسیاسەتی کارکردنی کەناڵەکەی سەرۆکی هەرێم و کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەت بەئاشکرا ئەو ڕاستیانە دەبینێت...






تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە