بۆ ئەوەی نەوەی ئێستاش بیزانێت

دواوە بکە بە چوار!

ژیان: وەرگیراوە لە هەژماری عەبدول محەمەد

*وەک ئێستا نەبوو بە ئوتۆمبێلی خۆت یان یان تەکسی، یان چەند برادەرێک ڕێکبکەون و یەکێکتان بە ئوتۆمبیلەکەی هەمووتان بگەیەنێتە مەکتەب.

*ئەوە نەبوو کرێی باس بە مەسرەف نەزانی، چونکە ئەگەر بە پاس بڕۆیشتیایە ئەستەمە بەشی لەفەیەک قاورمە یان دوو لوقمەقازیت پێ دەما بۆ حانوت یان بەردەرگای مەکتەب.

*کڕینی جانتایەک بۆ زۆربەی خێزانەکان زەحمەت بوو، بۆیە زۆرجار کتێب و دەفتەرەکانت یان بە لاستیکی بیجامە دەبەست و دەتخستە بن هەڵگڵت یان لە ماڵەوە دایکت یان هاوسێیەکی گیانی بە گیانی لە گونیەی نایلۆن جانتایەکی بۆ دروست دەکردی.

*هەر کاتێک بچمە بازاڕی جگەرەکەی سەرو مزگەوتی گەورە یان دارەسوتاوەکە، پێش هەموو شتێک بیرم دەچێتەوە بۆ بیروەرییەکانی منداڵی زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر و دەنگی فڕو وڕی پاسی پۆڵەنی یان (پۆلۆنی) دێتەوە یادم.

*هەموو هێڵەکانی ناوشار بۆ هەموو گەڕەکانی ناوەوەی شەقامی شەست مەتری (مەلیک مەحمود) هاتووچۆ زۆربەی بەپاسی پۆڵەنی بوو.

*هەرکەسێک لە تەمەنی مندا بێت یادگارییەکی زۆری لەگەڵ ئەم جۆرە پاسەدا هەیە، لە کۆتایی ئەو بەندەشتان بۆ دەنووسم کە لەسەر ئەو پاسە لەو زەمەنەدا لەسەردەمی مێردمنداڵە و گەنجە چەتونەکانی کارێزەوشک و مەجیدبەگ دەوترایەوە.

*پاسەکە چوار دەرگای هەبوو زۆربەی گوشنەکانی دروستکراوی ناوخۆی یان خواستەی ئوتۆمبیلی تر بوون، بە زەحمەت دوان لە تەنیش سایەقەوە دادەنشتن، ڕیزی ناوەڕاستیش نەفەرەکان بەرامبەر یەک بوو، ڕیزی دواوەش دەبێت لە زاری شۆفێرە توڕەکانی پاسەکەوە بنوسم، کە ناچارنەبویتانە نەدەچویتە دواوە، هەمیشە دەیگوت دواوە بکە بە چوار، یەک کورسی بێزەحەتیشی تیابوو.

*زۆربەی جامی پۆڵەنییەکان نەدەکرایەوە یان هەر شکابوو، کوشنەکانی هەمووی پینەو پەڕۆ بوو، زۆربەی نوکە ئاسن و تەلی کوشنەکانی لێهاتبووە دەرەوە، دوژمنی یەکەمی پانتۆڵ و شەڕواڵ و تەنورە و کۆڵن بوو.
*ئەستەم بوو بتوانیت چەند ڕۆژێک بە پۆڵەنی هاتوچۆ بکەیت و قەڵبەیەک بەر جلەکانت نەکەوتایە، بۆیە قەڵبەی پانتۆڵ و شەڕواڵی کوڕان و شیبوونەوەی کۆڵۆنی کچان، شتێکی ڕۆژانەی ناو پاسی پۆڵۆنی بوو.

*کە دەتگوت دابەزین هەیە جگە لەوەی دەبوایە چەند جارێک دووبارەت بکردایەتەوە ئەستەم بوو لەو شوێنە بوەستێت کە تۆ مەبەستت بوو، چونکە بە چەندین دۆستە ئیستۆپی نەدەگرت، شۆفێرە توڕەکانیش دەیانگوت (خۆ پاسکیلم پێ نییە قاچ لە ئەرز بخشێنم).

*لە کاتی گەرمادا ناخۆشترین شتی دانیشتن و قەپات نەبوونی بوو، چونکە حەمامێکی ساونا بوو بۆخۆی ، لە خولەکی یەکەمی دانیشتن هەموو گیانت سەر ئاو دەکەوت، لەژێرەوەش گیانت بە کوشنەکانی داخ دەبوو، ئەبوایە چەند جارێک خۆت بجوڵاندایە تا گەرمای لەش و کوشنەکە یەکسان دەبوون، بۆیە خوا خوات بوو هەرچۆنێک بێت بەڕێکەوت.

*زۆرجار کە خۆتحازردەکرد بۆ دابەزین یان سەرکەوتن بە قۆرتێک یان پێهەڵگرتنی شۆفێر سەرت یان ئانیشکت بەر سەقی پاس یان تەنیشتەکانی دەکەوت ئەو دنیای پیشان دەدایت، دیارە هەزار ئۆف و ئاخ بە فلسێک.

*کاتێک بە ڕێگا دەڕۆیشت هەرچی ئوتۆمبیلە خۆی لێ دەپاراست، چونک وەک بەڵای ناگەهان وابوو بەر هەرچییەک بکەوتایە داغانی دەکرد.

* بەر لەوەی بگاتە شوێنی مەبەست چەندین جار دەکەوتە تەکان و کوژانەوە و دابەزینی شۆفێر یان دابەزینی نەفەرەکان بۆپاسێکی تر، بەشێکی زۆریان هەر لەناو گۆڕەپانی سەرکەوتن بە پێهەڵگرتن یان پاڵ دەکەوتنە کار و نەفەریش بە دوایا ڕایدەکرد، بە تایبەت لە ئێواراندا.

*لەو کاتەی قەپات دەبوو، کاتێکیش ئافرەتێک یان پیرەمێردێک دەرگای پاسەکەی دەگرت و بەسەد قسەی قەپات بووە و جێگە نییەی نەدەچوو بە گوێدا، بەزۆر هەر سەردەکەوت، لەو کاتەشدا زۆربەی جار گەنجە شەرمن و دەموچاو زیپکاوییەکانی وەک من، شوێنەکەی خۆیان دەبەخشی پێان.

ئەمەش بەندەکەیە وەک گۆڕانی گەنج و مێردمنداڵەکان بەسەر پۆڵەنیدا وتوویانە لەو زەمەنەدا:

پۆڵەنی پۆڵەنی
سلف لێبیەت پێدەکەنی
پۆڵەنی پۆڵەنی
بە هەوراز سەرناکەوی
پۆڵەنی پۆڵەنی
خۆی دەیەو یانزەی لێ دەنێی
پۆڵەنی پۆڵەنی...




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە