سەرەتای چیرۆکی فانۆسی ڕەمەزان لە چییەوە هاتووە؟


فانۆس یان چرای ڕەمەزان بەگرنگترین و بە ناوبانگترین دروشمەکانی مانگی ڕەمەزان دادەنرێت، بەشێکی دانەبڕاوە لە جوانییەکانی ئاهەنگگێران بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە، بەڵام هیچ ڕۆژێک لە خۆتت پرسیوە بنەچە و سەرچاوە  یان سەرەتای ئەم فانۆسەی ڕەمەزان چییە؟

ژیان_ ڕاپۆرت: بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو جیاوازی هەبووە لەسەر چیرۆکی فانۆسی ڕەمەزان، لە سەرەتای ئیسلامەوە وەک هۆیەکی ڕوناککردنەوە بەکارهاتووە کاتێک موسڵمانەکان لە شەودا چوون بۆ مزگەوت.

مانای وشەی فانۆس دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ئەغریقی، بە مانای یەکێک لە هۆیەکانی ڕوناککردنەوە، هەروەها لە هەندێک زمانەکاندا بە فانۆس وتراوە (فیناس)، فەیرۆز ئابادی نوسەری فەرهەنگی دەریا دەڵێت، بنەڕەتی مانای وشەی فانۆس لە وشەی (ئەلنمام)ەوە هاتووە  بە واتای کەسێک قسە لە نێوان خەڵکیدا دەکات بۆ ئەوەی فیتنە و ئاژاوەیان بخاتە نێوانیانەوە، واتا خاوەنەکەی لە تاریکیدا دەردەکەوێت.

گێرانەوەی یەکەم:

سەبارەت بە بنەڕەتی فانوس و سەرەتای بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ ناو چیرۆکەکان، لەوانە خەلیفەی سەردەمی فاتمییەکان هەمیشە کاتێک چووەتە دەرەوە بۆسەر شەقاک بۆ بینینی مانگی سەرەتای ڕەمەزان، لەو کاتەدا منداڵانایش لەگەڵیدا چوونەتە دەرەوە و هەریەکەیان فانۆسێکیان هەڵگرتووە، بۆ ڕوناککردنەوەی ڕێگاکە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین گۆرانیان وتووە، وەک دەربڕینی خۆشی بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە.

گێرانەوەی دووەم:

سەرباری ئەوە گێرانەوەیەکی تر هەیە، کە دەڵێت یەکێک لە خەلیفەکانی فاتمی وستوویەتی شەوانە هەموو شەقامەکانی قاهیرە ڕوناک بکاتەوە، دواتر فەرمانیانکردووە بە مامۆستای مزگەوتەکان لە هەر مزگەوتێک فانۆسێک هەڵبواسرێت و شەقامەکانیش بە مۆم رووناکبکرێنەوە.

گێرانەوەی سێهەم:

سەبارەت بە گێرانەوەی سێهەم ، دەڵێت ڕێگەنەدراوە بە چوونە دەرەوەی ژنان تەنها لە مانگی ڕەمەزاندا نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر کاتێک ژنێک دەرچووە، کوڕێکی بچوک کە وەک بەردەست و کارەکەر وابوون لە گەڵیاندا ڕۆیشتووە و فانۆسێکیان داوەتە دەستی، بۆ ئەوەی پیاوان بزانن کە ژنێک لەسەر ڕێگاکەیە و دووربکەونەوە و بوار بە تێپەڕبوونی ژنەکە بدەن و تا پیاوانیش نەیبینن.

تەنانەت ئەو پەیڕەوە دواتر ڕێگەی دا بە ژنان بچنە دەرەوە و منداڵی هاوڕێی ژنانیش بووە پەیڕەوێک و بە فانۆسەوە بە شەقامەکاندا دەهاتن و دەچون و گۆرانییان دەگوت.

سەرباری ڕاستی و دروستی هەر یەکێک لەو گێرانەوانە ، بەڵام فانۆسی ڕەمەزان بووەتە دیاردەیەکی جوانی ڕەمەزان و خۆش و کامەرانی بۆ گەورە و بچوک دەهێنێت و وەک ئاهەنگێک وایە بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە.