رۆژوو لە ئاینە جیاوازەكاندا


ژیان- سروور لوتفوڵڵاهی:  رۆژوو لە ئاینەجیاوازەكاندا شێواز و رەسمیەتی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە ئاینی ئیچزدی و ئیسلامیدا لە هەموو ئاینەكانی دیكە زۆرتر گرنگی پێدەدرێت.  

 
ڕۆژوو لە ئایینی ئیسلام
موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزان واتا نۆهەمین مانگی ڕۆژمێری مانگی كۆچی ڕۆژوو لە سەریان فەرز كراوە. بەو پێیە موسڵمانان یەك مانگی تەواو لە بانگی بەیانی تا ئێوارە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن. بەڵام بەڕۆژوو بوون لە ئیسلامدا بەس بە واتای نەخواردن و نەخواردنەوە نییە، بەڵكوو ئامێر و بیانوویەكە بۆ نزیك بوونەوە لە خودا، پاك كردنەوەی خۆیان لە گوناهەكانیان و بەگشتی بەرز كردنەوەی ئاستی پێداویستی مەعنەوی و كەم كردنەوەی ئاستی پێداویستی مادی.

ڕۆژوو لە ئایینی مەسحی
بە پێی ئەوەی كە ئایینی مەسیحی بۆ خۆی دەبێتە سێ لقەوە و هەر یەكەیان خوێندنەوەیەكیان لە ئێنجیل هەیە، هەر یەكیان دابونەریت و یاسا­ و ­ڕێسای خۆیانیان هەیە و ڕۆژوو گرتنیش جیاواز لە شتەكانی تر نییە و لە هەر لقێكیدا جۆرێك بەڕێوە دەچێت.

لە ئایینی مەسيحیدا ڕۆژوو گرتن لە سەر ژن و پیاوی 14 بۆ 59 ساڵان فەرز كراوە.
مەزهەبی كاتۆلیك؛ كاتۆلیكەكان لە ڕۆژانی چوارشەممەی خۆڵەمێش واتا یەكەم ڕۆژی ڕۆژوو گرتنی مەسیحییەكان و هەینییەكان (بۆ ماوەی 40ڕۆژ) تا هەینی پاك ڕۆژوو دەگرن و خۆیان لە خواردنی گۆشت دەبوێرن. مەسیحییەكان جودا لە ئەو ڕۆژانە هەر ڕۆژێكی دیكە كە بیانەوێت دەتوانن بەڕۆژوو بن، بەڵام لە ئایینی مەسیحی بەڕۆژوو بوون بەس نەخواردن نییە و ڕێگایەكی تر وەكوو خوێندنی نوێژی تایبەت هەڵدەبژێرن بۆ نزیك بوونەوەی لە خودا و پاك كردنەوەی خۆیان لە گوناح .

مەزهەبی ئۆرتۆدۆكس: لە ئەو لقەدا ڕۆژانی جیاواز وەكوو ڕۆژووی ڕەسوولان و ڕۆژووی ئاسوودەیی یان دورماسیۆن، ڕۆژووی لەدایك بوونی مەسیح و ڕۆژانی تر  بۆ ڕۆژوو گرتن هەیە. هەموو چوارشەممە و هەینییەك ڕۆژی ڕۆژوو دێنە ئەژمار جگە لە هەندێك هەفتە. لە ڕۆژووی ئۆرتۆدۆكس بە گشتی خواردنی گۆشت، شیرەمەنی و هێڵكە و لە هەندێك جاریشدا ماسی قەدەغە كراوە. ئۆرتۆدۆكسەكان لەسەر ئەو باوەرەن كە خۆبواردن لە خواردن، بارینی ڕەحمەتی خودای بەدواوە دەبێت.

مەزهەبی پرۆتیستان: ڕۆژوو لە ئەم لقە لە ئایینی مەسیحی یاسایەكی دیاری نییە بەڵكوو بە پێی بڕیاری كەسەكان، كلێسە، ڕێكخراو یان ئەنجوومەنەكان دیاریدەكرێت. هەندێكیان خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن بەڵام بەشێكیان بەس ئاو یان ئاومیوە دەخۆنەوە. ئامانج لە ڕۆژوو گرتن لە لای پرۆتێستانەكان بەهێز كردنەوەی ڕۆح یان بەرز كردنەوەی ئاڵای قسەی ڕاستە.

ڕۆژوو لە ئایینی یەهودی:
لە ئایینی جوولەكە (یەهودی) ڕۆژوو بۆ نیشان دانی سووكی و بێ دەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرانبەر خودایە تا لەم ڕێگایەوە دان بە گوناحەكانی خۆیان بنێن و بە ئەو تۆبەیە، ڕەزایەتی خودا بەدەست بهێنن.
ڕۆژوو لە ئایینی جوو سێ جۆری هەیە:

1. ئەو ڕۆژووەی لە كتێبی پیرۆز (تەورات) فەرز كراوە. وەكوو ڕۆژووی ڕۆژی كیپوور، ڕۆژی نۆهەمی ئاو، ڕۆژووی 17 ی تەمووز كە 25 كاتژمێرەیە.

2. ڕۆژوویەك لەلایەن هاخامەوە (پیاوی ئایینی)دیاری دەكرێت، وەكو  ڕۆژووی یەكەم دووشەممە  كە بە نیشانەی شینگێڕی بە بۆنەی كاول بوونی كەنیسەی بەیتولموقەدەس دەگیردرێت، ڕۆژووی ئاخری هەر مانگ بە ناوی كیپووری بچووك .

3. ڕۆژووی تاكەیی كە هەر كەسێك بە بۆنەیەكەوە دەیگرێت كە ڕۆژێكی تایبەتی نییە و زیاتر لە كاتی ڕوودانی ڕووداو ئەنجام دەدرێت وەكو ڕۆژوو بە بۆنەی گیان لەدەستدانی دایك و باب یان مامۆستا، ڕۆژی بووك و زاوا لە ڕۆژی زەماوەند و ...

ڕۆژوو لە ئایینی هیندۆس:
ئایینی هیندۆس ئایینێكی دراماییە كە لە هیند و بەشێك لە ئاسیای ڕۆژئاوا بڵاو بووەتەوە و دوای ئیسلام و مەسیحی سێهەم گەورەترین ئایینی جیهانە.
هیند‌وسەكان بە ئامانجی كۆكردنەوەی وزە لە عیبادات و مەعنەویات، ڕۆژوو دەگرن و ڕۆژووەكە بە پێی ئەو خودایەی كە دەیپەرەستن، هەڵدەبژێردرێت. چونكە هەر ڕۆژێك لە ڕۆژانی هەفتە بۆ خودایەكی تایبەتە.

ڕۆژوو لە نێو هیندۆسەكان جیاوازە، ڕۆژوویەكیان هەیە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن، ڕۆژوویەك ئاو ناخۆنەوە و ڕۆژوویەك تێیدا سێكس ناكەن.

هەندێك لە هیندۆسەكان لە ڕۆژدا ڕۆژوو دەگرن و جگە لە ئاو شتێك ناخۆن. هەروەها نەریتی جیاوازیان هەیە وەكو ڕۆژی پێش زەماوەند و بۆنەكانی تر وەكو ئەوەی ژنان ڕۆژوو دەگرن كە تەمەنی هاوژینەكەیان زیاتر ببێتەوە.

ڕۆژوو لە ئایینی بوودی:
بووداییەكان ژمارەیان بە 500 ملیۆن كەس دەبێت و زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و بەتایبەتی هیند بڵاو بووەتەوە.

ڕۆژوو گرتن لە نێو بووداییەكان زۆر باوە، بەڵام یەكێك لە فەرزەكانی ئەو ئایینە نییە. هەروەها دابونەریتێكی تایبەت و یەكگرتوویان بۆ ڕۆژوو گرتن نییە. ڕێبەرە ئاینییەكانی بوودا ڕۆژوو دەگرن و لە نیوەی ڕۆژدا ژەمێك خۆراك دەخۆن.

بەڵام خەڵكەكانی تر هەفتەیەك یەك ڕۆژ لە نیوەڕۆ تا ڕۆژی دواتر بەڕۆژوو دەبن و هەروەها هەندێكیان بەس لە درێژایی تەمەنیان سەوزەمەنی دەخۆن و هەندێكیان ژەمێك خۆراك لە ڕۆژدا دەخۆن. دابونەریت لە شوێن و هۆزە جیاكان جیاوازە هەروەها بە زمانی ڕۆژووەوە، كۆبوونەوەی بیر كردنەوە ئەنجام دەدەن.

ڕۆژوو لە ئایینی زەردەشتی:
نەخواردنی ئاو و خۆراك بەگشتی لە ئایینی زەرتەشت كارێكی نەشیاوە و پێیان وایە دەبێتە هۆی لاواز بوونەوەی جەستە و لە ئاكامدا كەسەكان توانای ئەنجامی كار و چالاكی ڕۆژانەیان نامێنێت. لە كتێبی زەردەشتییەكان واتا ئاڤێستا بەتایبەتی بەشی گاتاكان زیاتر لە ڕۆژووی جەستەیی، لەسەر ڕۆژووی مەعنەوی جەخت كراوە كە پێوەندیەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دروشمی زەردەشتییەكان واتا بیری چاك، كردەوەی چاك و قسەی چاك هەیە.

ڕۆژوو لە ئایینی زەرتەشت چوار ڕۆژ لە مانگدایە. زەردەشتییەكان بۆ زیادەڕەوی نەكردن لە خواردنی گۆشت، ڕۆژانی دووهەم و دوازدیەم و چواردەیەم و بیست و یەكەمی مانگ، لە خواردنی گۆشت خۆیان دەبوێرن.

لە لای زەرتەشتییەكان هەر ڕۆژێك لە مانگ ناوێكی تایبەتی هەیە. لە ڕۆژانی "ماه"، "گوش" و "رام" و "بەهەمەن" گۆڕدراوە، خواردنی گۆشت حەرامە و بۆ تەندروستی لەشیان گۆشت ناخۆن.

زەردەشتییەكان پاش مەرگی یەكێك لە خزمەكانیشیان بۆ ماوەی سێ شەو لە كوڵاندن یان لەخواردنی گۆشت دووردەكەونەوە  ئەوەش هەر بەشێك لە ڕۆژووی زەردەشتییەكانە.

ڕۆژوو لە ئایینی ئێزدی:
ئێزدییەكان ڕۆژووی چلەی هاوین و چلەی زستان و سێ ڕۆژ ڕۆژووی دیكەیان هەیە.

ڕۆژووی چلەی هاوین لە 24حوزەیران هەتا 2 ئابە كە 40 ڕۆژ درێژەی هەیە و ئینجا دەبێتە جەژن. چلەی هاوین تایبەتی پیاوانی ئایینی ئێزدییە و لە سەر گەورەكانی هۆز فەرزە و ئەوانەش دەیگرن پێیان دەڵێن چلەگر؛ پاش چل ڕۆژ بەرۆژوو بوون بۆ ماوەی پێنج ڕۆژان لە پەرسگەی لالش و دەڤەری ئێزدیان دەبێتە جەژن و هەموو ئێوارەی جەژنێ پیاوانی ئایینی بە دەم لێدانی دەف و شەباب و خوێندنی دەقی ئایینیەوە سەما دەكەن.

 ڕۆژووی چلەی زستانیش هەر 40 ڕۆژە و لە24ی مانگی كانوونی یەكەم دەست پێدەكات و هەتا 1ی شوبات بەردەوامە و ئەم چلەیە لە سەر خەڵكی ئاسایی و پیاوی ئایینی فەرزە و دەبێ پەیڕەوی بكەن.

ڕۆژووی دیكەیان هەیە كە ڕۆژووی ئێزییە و سێ ڕۆژە و سێ‌شەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو دەبن و ڕۆژی هەینی لە مانگی كانوونی یەكەمدا جەژن دەگرن.

 

 


سەرچاوە: ئاژانسی میهر