توركیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی رێككەوتنی ئەنەكەسە و تەڤدەم راگەیاند


توركیا لەبارەی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان و ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردی سوریا رایگەیاند رێگری دەكەن و ئەوە خواستی ئەمریكایە. 

ژیان – هەولێر: مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، رایگەیاند، ئەمریكا و رووسیا هەوڵدەدەن یەپەگە و پەكەكە بە ناوی كوردانی سووریا و لەژێر ناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە بەشداری پێبكەن لە پرۆسەی چارەسەری سیاسی لە سوریا. 

ئەو لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا هەڵێستی وڵاتەكەی لەو بارەیەوە راگەیاند وتی: توركیا هەمووكات جەختی لەوە كردووەتەوە یەپەگە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ پەكەكەدا نییە. 

ئەو لە بەرنامەكەدا ناوی هیچ لایەنێكی سیاسی رۆژئاوای كوردستانی نەهێنا جگە لە یەپەگە كە باڵی سەربازی هێزە كوردیەكانە، لەوبارەیەوە وتی، بەر لەوەی یەپەگە بەتەواوەتی بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەمریكا، رووسیا هەوڵێكی جیدیدا و سوور بوو لەسەر ئەوەی بەشداری بكات لە پرۆسەی چارەسەریی سیاسی بەڵام ئەنجامی نەبوو. 

چاوشئۆغڵو باسی لەوەكرد كە رووسیا ئەوەی بۆ نەكرا ئێستا ئەمریكا دەیەوێت ئەنەكەسە و یەپەگە یەكبخات لەو ڕێگەیەوە شەرعیەت بداتە یەپەگە، وتیشی وڵاتەكەی رێگە نادات "رێڕەوێكی تیرۆر لە باكوری سوریا و رەواییدان بە رێكخراوێكی تیرۆریستی" دروست ببێت.