لە ئێران دەرگاى مزگەوتەکان بەڕووى هاوڵاتیاندا دەکرێنەوە


بڕیارە  بۆ ڕۆژانى جەژنى رەمەزان، حکومەتى  ئێران دەرگاى مزگەوتەکان بە ڕووى هاوڵاتیاندا بکاتەوە.

ژیان_ئێران: حه‌سه‌ن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، له‌میانه‌ی كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی وڵاتەکەی رایگه‌یاند، ئێران  قۆناغی مه‌ترسیداری ڤایرۆسی كۆرۆنای تێنه‌په‌ڕاندوه، نابێت ئیزن بدەن هەلێک دروست بێت خەڵک هەست بکەن بە تواوەتی لە قۆناغی مەترسیداری کۆرۆنا تێپەڕیوون.

رۆحانى داواى لە بەرپرسانی پزیشکی و بەرپرسانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە، بۆ خەڵکى شرۆڤە بکەن کە قۆناغی ئەستەم و سەخڵەتی کۆرۆنا هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام دۆخی ئەمڕۆ لە هى دوێنێ باشترە.

هاوکات ئاماژەى بەوەکردووە، بە لەبەرچاوگرتنى رێنماییە تەندروستییەکان و باشتربوونى دۆخەکە بارەگا ئایینییەکان دوای مانگی ڕەمەزان لە چوارچێوەی بەرنامە دیاری کراوەکان دەکرێنەوە لەگەڵ کردنەوەى دەرگاى مزگەوتەکان لە رۆژانى جەژن، هاوڵاتیانیش دەتوانن نوێژى جەژن لە مزگەوتەکان بخوێنن.