هەشت مرۆڤی سەرکەوتوو کە سەلماندوویانە هیچ شتێک مەحاڵ نییە


هەشت مرۆڤی سەرکەوتووی جیهان کە سەلماندوویانە، هیچ شتێک لە جیهاندا مەحاڵ نییە و ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی هەبێت، دەتوانێت بەسەر هەموو تەنگوچەڵەمەکانی ژیاندا زاڵ بێت.

ژیان-جیهانی: ١-توریا پیت

خانمە مۆدێل و نمایشکاری ئوسترالی، توریا پیت ساڵی ٢٠١١ و لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا ٧٠٪ی جەستەی سوتا، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی واز لە پیشەکەی بهێنێت و تا ئێستاش بەردەوامە لە کارەکەی.

پیت جگە لە نمایشی جلوبەرگ، وەرزشوان و ئەندازیارە و کاری مرۆڤدۆستانەش دەکات.


٢-جێسیکا کۆکس

جێسیکا کۆکس یەکەم فڕۆکەوانی بێ دەست، ساڵی ١٩٨٣ لە ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا لەدایک بووە.

کۆکس لە زگماکییەوە دەستی نەبووە و جگە لە فڕۆکەوانی پشتوێنی رەشی لە وەرزشی تەیکواندۆ-دا هەیە و دەتوانێت بە قاچەکانی ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، تایپ دەکات و دەنووسێت، بە شێوەیەک لە لە یەک خولەکدا دەتوانێت ٢٥ وشە تایپ بکات.

٣-تانی گرەی تۆمسۆن

تانی گرەی تۆمسۆن خێراترین وەرزشوانی کەمئەندام لە یاری گۆڕەپان و مەیدان بە لێخوڕینی گالیسکە، ساڵی ١٩٦٩ لە بەریتانیا لەدایکبووە.

تۆمسۆن هەر لە زگماکییەوە توشی نەخۆشی پچڕانی دڕکەپەتک بووە بەڵام ئەوە نەبۆتەهۆی بێهیوابوونی لە ژیاندا و توانی ببێتە سەرکەوتووترین  وەرزشوانی کەمئەندام لە بەریتانیا.

٤-سین سوارنەر

سین سوارنەر یەکێکی تر لە هەشت سەرکەوتووترین مرۆڤە لە جیهاندا کە دوو جار تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، جارێک لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا و دوای ماوەیەکی کەم جارێکیتر تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام هەر دوو جارەکە توانیویەتی بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ بێت.

سوارنەر خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزە و سەرەڕای ئەوەی کە یەک سی لەجەستەیدا هەیە، توانیویەتی بگاتە لوتکەی ئەڤێرێست، یەکێک لە بەرزترین شاخەکانی جیهان.

٥-جیلیان مێرکادۆ

جیلیان مێرکادۆ کچە مۆدێل و نمایشکاری جلوبەرگ-ی ئەمریکی، جیاواز لە هاوپیشەکانی ناتوانێت بەپێوە بوەستێت و بەردەوام لەسەر عەرەبانەکەیەوە جلوبەرگەکان نمایش دەکات.

سەرەڕای کەمئەندامبوونی، مێرکادۆ بە یەکێک لە پڕۆفێشناڵترین مۆدێل لە بوارەکەی خۆیدا لە ئەمریکا لەقەڵەمدەدرێت.

٦-ئێستەر مەری ڤێرگەر

ئێستەر مەری ڤێرگەر ساڵی ١٩٨١ لە هۆڵندا لەدایک بووە. ڤێرگەر کەمئەندام و یاریزانی تێنسی سەر زەوی بوو، بەڵام کەمئەندامییەکەی رێگر نەبوو لەبەردەم سەرکەوتنەکانی.

ڤێرگەر تا ساڵی ٢٠١٣ کە خانەشین بوو، توانیویەتی ٧١ نازناوی جیهانی لە بوارەکەی خۆیدا بەدەست بهێنێت.


٧-مارک جۆزێف ئینگلیس

مارک جۆزێف ئینگلیس بەبێ قاچ و تەنها بە بەکارهێنانی دوو قاچی دەستکرد توانیویەتی وەک شاخەوانێکی ئاسایی بگاتە لوتکەی شاخی ئەڤێرێست.

ئینگلیس ساڵی ١٩٥٩ لە نیوزلەندا لەدایک بووە و جگە لە شاخەوانی، لێکۆڵەرە و لە دروستکردنی شەرابدا شارەزاییەکی باشی هەیە.

مارک جۆزێف ئینگلیس تا ئێستا یەکەم شاخەوانی کەمئەندامە کە توانیویەتی بگاتە لوتکەی ئەڤێرێست.


٨-ناندۆ پارادۆ

ناندۆ پارادۆ ساڵی ١٩٤٩ لە ئۆرۆگوای لەدایک بووە، لە ١٣ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٢ لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی  ئۆرۆگوای لە زنجیرە شاخەکانی ئاند لە باشووری ئەمریکا، توانی دوای ٧٢ رۆژ خۆی و ١٥ سەرنشینی دیکەی فڕۆکەکە، لە مردن رزگار بکات.

دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، ناندۆ و هاوڕێکەی رۆبێرتۆ کانیسا بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەپێ رۆیشتوون بۆ ئەوەی بگەنە سەر لوتکەی زنجیرە شاخەکانی ئاند و داوای بەهاناوەچوون بکەن، هەر ئەوەش بووەهۆی رزگاربوونی ناندۆ و هاوسەفەرەکانی.