ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تێپەڕ دەكات


ئەو سیاسی و نوسەر و لێكۆڵەرێكی كورد بوو، پیاوی رۆژگارە قورسەكانی شۆڕشی كورد لە باشوری كوردستان بوو، سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی 19ی ئایاری 2017 پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشییدا له كاتژمێر هەشتی سەر لە بەیانی كۆچی دوایی كرد.

ژیان- سلێمانی: نەوشیروان مستەفا ئەمین، 22ی كانونی یەكەمی 1944، لەگەڕەكی سەرشەقام لە سلێمانی لەدایكبووە، لە ساڵی 1950 بۆ ساڵی 1956 قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (ئەمیر عەبدولئیلا) تەواو كردووە،  ساڵی 1956 بۆ 1959، قۆناغەكانی خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانەی وەتەن و ساڵی 1959 بۆ 1961  قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە قوتابخانەی سلێمانی تەواو كردوە.

به‌ئه‌سڵ خه‌لکی گوندی ( ناوگردان )ی نزیک شارۆچکه‌ی سیدسادقه‌ و له‌ ساڵانی 1950 هاتونه‌ته‌ سلێمانی له‌ گه‌ره‌کی خانه‌قا–شیوی قازی نێشته‌جێ بوون، باوکی حه‌ماڵ بوه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی (انحسار) ئه‌و شوێنه‌ی توتنی جوتیارانی لێوه‌رده‌گیرا.

لە كۆتایی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو پەیوەندی بەیەكێتی قوتابیانی كوردستانی عێراقەوە دەكات، لەساڵی 1961 دا، لە كۆلێژی ئابوری و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی بەغدا وەردەگیرێت، لەپاڵ خوێندنەكەیدا بەردەوامی بە كارو چالاكییە سیاسییەكانی دەدات و وەك لێپرسراوێكی یەكێتی قوتابییان ڕۆڵی گەورەی دەبێت، لەساڵی 1965 بەهۆی چالاكی سیاسییەوە ماوەی چەند مانگێك لە زیندانی ئەمنی عامەدا دەگیرێت و چارەنوسی دەكەوێتە مەترسییەوە.

دوای ئەوەی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەستدەهێنێت، لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان درێژە بە خەبات دەدا، لەساڵی 1969 دا، نەوشیروان مستەفا مۆڵەتی دەركردنی گۆڤارێك لە بەغدا وەردەگرێت بەناوی ڕزگاری، خۆی دەبێتە خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەكە و شازاد سائیب-یش سەرنوسەر.

ئەو لە ساڵی 1970وە لەگەڵ هاورێكانی دیكەیدا پەرە بە كۆمەڵەی كۆمەڵەی ماركسی-لینینی كوردستانی دەدەن و دواتر له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی به‌یانی 11/ئازاری 1970 یه‌کێک بووه‌ له‌ وانه‌ی که‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ناو پارتی و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رچوو به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌سێک به‌ناوی (جمالی حمه‌ خورشه‌) که‌ تاوانبار بوو به‌ فڕیدانی نارنجۆک بۆ ناو قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی کوردستانی کچان له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆزدا و دانی به‌وه‌داناوه‌ که‌ له‌ لایه‌ن نه‌وشێروان مستەفا‌وه‌ ڕاسپێردراوه‌ ئه‌وکاره‌ بکات، بەغیابی سزای 10 ساڵ زیندانی لەلایەن (مەحكەمەی سەورەوە) بەسەردا دەدرێت، سەرەڕای قەدەغەی گەشتكردن، بەڵام بەهاوكاری چەند هاوڕێیەكی، لە ساڵی 1972 بەمەبەستی خوێندن ڕوودەكاتە (شاری ڤییەننا)، لە زانستی سیاسەت و یاسا دەخوێنێت.

لەدوای ئاشبەتاڵی شۆڕشی 1975، لەسەر داوای مام جەلال بەشداری دەكات لە دامەزراندنی ڕێكخراوێكی نوێی سیاسی و گەڕانەوە بۆ وڵات و دەسپێكردنەوەی شۆڕش یەكێك دەبێت لە سەركردە و دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەڕێكەوتی 22/5/1975، گەڕانەوەی ئەو لە كاتێكدا كۆتا ساڵی خوێندنی دكتۆراكەیەتی لە ڤییەناوە بۆ كوردستان دەبێتە جێی سەرسامكردنی مامۆستاكەی و بەشێتی دەزانێت. 

ساڵی 1979 لە خڕەی ناوزەنگ، بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا ناوی كۆمەڵەی ماركسی – لینینی كوردستان گۆڕدرا بۆ كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان و، فۆڕمی ڕێكخستنی سیاسی كۆمەڵەشی لە هەرەمییەوە گۆڕی بۆ تەزبیحی و هێشوویی.

ساڵی 1981، لەگەڵ شوعلە عەلی، كادری چالاكی كۆمەڵە و خوشكی هەردوو شەهیدان شوان و شێركۆ هاوسەرگیری دەكەن و بە درێژایی ژیانیان دەبنە خاوەنی دوو كوڕو كچێك بەناوەكانی نما و چرا و چیا.

تەنها لە ماوەی سێ ساڵی شۆڕدا لە نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1989 سێ جار هەوڵی تیرۆر كردنی دەدرێت بەڵام لە هیچیاندا بەرناكەوێت، كاتێك سەدام حسێن لە مانگی ئابی 1990، وڵاتی كوێتی داگیركرد، ئەو سەركردە كوردە خوێندنەوە بۆ داهاتووی ئەو رژێمە دەكات و دەكەوێتە ئامادەكاری بۆ چۆنیەتی وەدەرنانی لە هەرێمی كوردستاندا و  پلانی ڕاپەڕینی جەماوەری بە پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە دادەڕێژێت، بۆیە دواتر بە ئەندازیاری راپەڕین ناوی تۆمار دەكرێت. 

دوای پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێم بەهۆی ناڕازیبوونی لە سیاسیەتی هەرێمی كوردستان لە 4/7/1992، كوردستان جێدەهێڵێ‌ و دەچێتە لەندەن و تادوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ناگەڕێتەوە كوردستان.

لە كۆتایی ساڵانی نەوەدەكاندا نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە كوردستان و وەك جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ساڵی 2006 بەردەوام دەبێت لە ساڵی 2003، دەبێتە ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق وەك شارەزایەك لە بواری دەستوری و یاسایدا رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت لە جێگیركردنی داخوازیەكانی كوردستان لە دەستوری نوێی عێراقدا. 

هەرچەندە ئەو لە ناویەكێتیدا باڵی ریفۆرمی دروست كرد بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە ناو حزبەكەیدا بەڵام نەیتوانی سەركەوتوو بێت بۆیە دەستی لە حزبەكەی كێشایەوە و لە كۆتایی ساڵی 2006 دا كۆمپانیای وشە بۆ كاری ڕاگەیاندن دادەمەزرێنێت.

جگە لە كۆمپانیا راگەیاندنەكەی لەرۆژی 25ی تەمووزی 2009، لیستی گۆڕانی دروستكرد و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و 25 كورسی پەرلەمانی بەدەست دەهێنێت. 

لە كۆتایی ساڵی 2015 بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی چووە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و دوای مانەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ، ڕۆژی28ی نیسان 2016گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای ئەوەش جارێكی دیكە بۆ چارەسەر لە3ی ئەیلولی 2016چوەوە بەریتانیا، دواجار 13ئایاری 2017 گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای شەش ڕۆژ لە گەڕانەوەی لە تەمەنی73 ساڵیدا و دوای زیاتر لە نیو سەدە كاری سیاسی، لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد و لە گردی زەرگەتە بە مەراسیمێكی جە ماوەری بەخاك سپێردرا.