پاش یەک شەو مانەوە لە شوێنی هەڵگرتنی تەرم ژنێک زیندوو دەبێتەوە


لە پارێزگای لوڕستانی ئێران، ژنێک دوای یەک شەو مانەوە لە شوێنی هەڵگرتنی تەرم لە نەخۆشخانە، زیندوو بووەوە.

ژیان-تاران: میدیاکانی ئێران بڵایانکردەوە، رۆژی دووشەممە ١٨ی ٥ی ٢٠٢٠ و لە شاری خوڕەمئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستان، ژنێک بەهۆی جەڵتەوە گیانیانی لەدەستداوە و دواتر تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی بەهەشتی رەزا-ی شارەکە کراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتێک بنەماڵەی کۆچکردوو بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە دەچنە نەخۆشخانەی بەهەشتی رەزا، هەست بەوە دەکەن کە گیان لە لاشەی مردووەکەیاندا ماوە، بۆیە دەستبەجێ تەرمەکە رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەدەنی خوڕەمئاوا دەکرێت.

لەوبارەیەشەوە دکتۆر ئارەش ئەمین پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی شەهید مەدەنی بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای راگەیاندووە، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو لەسەر نەخۆشەکە ئەنجامدراوە و لە ئێستاشدا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.