فۆرین پۆڵیسی مەترسییەکانی بەردەم حکومەتەکەی کازمی ئاشکرادەکات


گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، حکومەتی نوێی عێراق ڕوبەڕوی چەندین مەترسی و ڕێگری گەورە دەبێتەوە، پێویستە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
ژیان_ بەغدا:
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوبەڕوی بەربەست و ڕێگری  مەترسیدار دەبێتەوە، کاتێک دەیەوێت بەشێوەیەکی هیواش هێواش دەست بۆ چاکسازییەکان بەرێت.

گۆڤارەکە ئاشکرایکردووە، هۆکاری ئەو مەترسییە گەورانەش تێکەڵبوونی دەستەبژێری سیاسی عێراقە کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا تێکەڵ بە ململانێی بوون لەسەر دەسەڵات، بەو هۆیەشەوە بەرژەوەندییەکانی گەلیان لەبیرچووەتەوە، ئەوەش وایکردووە شۆڕشی جەماوەری ئەوتۆ بەرپا ببێت کە خۆی لە شەقامی عێراقیدا بسەپێنێت و دوور لە چینە سیاسیە دەسەڵاتدارەکە داخوازییەکانی خۆی پێشکەش بکات.

بە گوێرەی شیکردنەوەی فۆرسین پۆڵیسی کازمی ڕوبەڕوی ڕێگری ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە، بەشێوەیەک عێراق بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دووچاری قەیرانێکی تەندروستی ناوخۆیی بووەتەوە، قەیرانی ئەمنییش کە مەترسی دووبارە گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعشی هێناوەتە ئاراوە، ئەوە جگە لە قەیرانی ئابوری کە نزمبوونەوەی نرخی نەوتی خاو ئەوەندەی تر دۆخەکەی قورسکردووە و کاریگەریی لەسەر خەزێنەی دەوڵەت دروستکردووە.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکەم ئەرکی کازمی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کە لە نێوان هاوڵاتیان و دەستەبژێری سیاسی دروستبووە لە لایەک و، هاوسەنگی لە نێوان خودی دەستەبژێرەکان لە لایەکی ترەوە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە سەرکردایەتی چاکسازییەک دەکات، کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی لە چوارچێوەی دۆخی ئێستادا داڕێژراوە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کازمی تەنها سەرۆک وەزیران نییە کە پرۆگرامێکی چاکسازی هەمەلایەنەی پێیە، بەڵام لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتییەوە تا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕێگری دەبێتەوە، بۆیە پێویستە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق هاوکاری بکات، لە پێناو دڵنیای بۆ جێبەجێکردنی ئەو چاکسازیانەی کە مەبەستییەتی.

گۆڤارەکە جەختیکردووەتەوە، لەو ماوەیەی کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەستیلەکارکێشایەوە، بەرهەم ساڵح ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ شوێنەکەی.

ستراتیژیەتی یەکەمی کازمی ئەوەبووە هەوڵی داوە خۆپیشاندەران ڕازیبکات بەوەی گوێی لە داواکارییەکانیانە و نوێنەراتی دەنگی ئەوانیش دەکات، بۆ ئەوەی نەکەوێتە داوی لەدەستدانی متمانە بە حکومەتی عێراق، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هیچ متمانەیەکی نەماوبوو.

 لە دیارترین هەنگاوەکانیشی گێرانەوەی عەبدولوەهاب ساعیدی ئەفسەری دیاری ناو هێزەکانی دژەتیرۆر بوو بۆ سەرۆکایەتی دەزگاکە.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا بۆ سەرجەم حاڵەتەکانی کوشتن و زیندانیکردنی خۆپیشاندەران، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوویدا.

لە کۆتایدا گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرباری ئەوەی کازمی دژی گەندەڵییە و ڕەتیدەکاتەوە، بەڵام پێویستە لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی فراوان بدۆزێتەوە لەگەڵ حزبەکاندا، بۆ ئەوەی بەردەوامبێت لە ئەرکی یەکەم و هەستیاری خۆی، دەبێت ستراتیژییەتێکی چاکسازییانە بگرێتەبەر، کە خۆی دەبینێتەوە لە داخوازییەکانی شەقام، تا دەگات بە چاکسازی لە یاسای حزبە سیاسییەکان و هەڵبژرانێکی پاکوبێگەردی پەرلەمانی لە عێراقدا.