مانای ژیان لە دیدی فەیلەسوفی فەڕەنسی "سیمۆن دی بیڤوا"


وەرگێڕانی: ئاگا ئیسماعیل

لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، سیمۆن دی بیڤوا بوو بە گەنجترین کەس کە تاقیکردنەوەی فەلسەفەی لە بەناوبانگترین زانکۆی فەڕەنسا ئەنجام دا. بە پلەی نایاب دەرچوو. بەڵام هەر کە شارەزای یاساکانی فەلسەفە بوو، ویستی یاساکان بشکێنێت. وانەی تیۆری فۆڕمی ئەفلاتونی خوێندووە، کە ئەم جیهانە بە وێنە دانەوەیەکی تێکچووی ڕاستییە ڕەهاکان و نموونە تەواوەکان دادەنێت. بەڵام بۆ "دی بیڤوا"، ئەم ژیانە ژیانێکی دڵبەندە، هەست بزوێنە، و هەموو شتێکە تەنها ئارام نییە. ئارەزووی ئەوەی کە بە تەواوی بەدوای جیهانی ماددیدا بگەڕێت، کاریگەری لە ژیانی دەکات، و لە کۆتایشدا، دەبێتە ئیلهامێك بۆ فەلسەفەیەکی ڕادیکاڵی تازە. گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ هاوڕێ زرنگ و ڕۆمانتیکییەکەی؛ "ژان پۆڵ سارتەر"، وایکرد دی بیڤوا لە ویستی سەربەست، ئارەزوو، ماف و بەرپرسیاریەتییەکان و بەهای ئەزموونی کەسییەتی تێ بگات.

لە ساڵەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەم هزرانە بوون بە قوتابخانەیەکی فکری کە پەیوەندییەکی پتەوی هەبوو بە کارەکەیانەوە کە بوونگەرایی بوو. لە ئاینی جولەکە و مەسیحیدا مرۆڤەکان بۆ ئامانجێکی تایبەت دروستکراون، دی بیڤوا و سارتەر جێگرەوەیکی تەواو جیاوازیان پێشەکەش بە خەڵک کرد. گوتیان مرۆڤەکان بە ئازادی لە دایک دەبن و دێنە بوون بە بێ هێچ ئامانجێک لە خوداوە. دی بیڤوا تێگەیشت کە ئەم ئازادییە هەم بەختەوەری و هەمیش بەرپرسیاریەتییە. لە پەرتووکی”The Ethics of Ambiguity”  دەڵێت گرنگترین و مەزنترین ئاکار بریتییە لە دروستکردنی مانا بۆ ژیانی خۆمان، لە کاتێکدا مافی ئەوانی تریش بپارێزین کە هەمان شت بکەن. دی بیڤوا نووسیویەتی، "ئازادییەک کە ڕێگە لە ئازادی دەگرێت، پێویستە قەدەغە بکرێت".

ئەم فەلسەفەیە وای لە خوێندکارانی کرد کە ناڕوونی و دژیەک بوونەکانی حەز و ئارەزووەکانمان بدۆزنەوە، هەم ناوەکی و هەمیش دەرەکی. کاتێک کە دی بیڤوا لە هەوڵی دۆزینەوە خۆیدا بوو، پرسیاری کرد: ئەگەر هەموو کەسێک شایەنی ئەوە بێت ئازادانە شوێن باوەڕی بکەوێت. کەواتە بۆچی کۆمەڵگە لەبەر ژن بوونی ڕێگریان لێ کرد؟

سەرەڕای هەبوونی بەرهەمێکی زۆر لە نووسین، لە فێرکردن و چالاکوانیدا، بەڵام هاوشانە پیاوەکانی بە ڕژدی دەیانویست لەناوی ببەن. دی بیڤوا لە دژی یاسا و ڕێسا ئاینییەکان و هاوسەرگیری وەستایەوە بۆ ئەوەی لە زانکۆ بخوێنێت و ببێت بە نوسەری یادەوەری و ڕۆمان و فەلسەفە. بەڵام ئەو مەترسییانەی کە توشی ئەو بوون بە ژینکردنی بەم شێوەیە لە سەر هیچ کام لە هاوپیشە پیاوەکانی نەبوو، کە ئەم ئازادییانەیان بە خۆیان بەخشی بوو. ئەوان هیچ ئارەزوویەکیان نەبوو بۆ تێگەیشتن لە کارەکانی دی بیڤوا، کە باسی لە ناخی ژنان و پەیوەندییە کراوەکەی نووسەر و نێرەمووکی دەکرد. بۆ گەیاندنی گرنگی دید و بۆچونەکەی، دی بیڤوا دەستی کرد بە نووسینی پەرتوکێک کە قورسترین ئاڵەنگاری ژیانی بوو. هەر وەک ئەوەی کە بنچینەکانی بوونگەرایی دروست کرد، دوبارە پێناسەی سنووری ڕەگەزەکانی کردەوە.

لە پەرتوکی "The Second Sex"دا کە ساڵی ١٩٤٨ بڵاوکرایەوە، دەڵێت: "هەر وەک ئامانجی ژیان، ڕەگەزیش پێشتر دیاری نەکراوە." دی بیڤوا زۆر بە بەرزی گوتی، "کەس وەکو ژن لە دایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن." دەڵێت بۆ ئەوەی "ببیت" بە ژن، دەبێت ببیت بە کەسێکی تر. دی بیڤوا پێناسەی "کەسێکی تر"ی بە پڕۆسەی هەژمارکردنی ئافرەت بە کەمتر لە پیاو کردووە کە پێناسەیەکی کۆنە و پیاو وەکو ماددەیەکی تەواو و بێ خەوش دەبینێت. دی بیڤوا دەڵێت، ئافرەتان وەکو چینی دووەمی کۆمەڵگە هەژمار کراون، لەبەر ئەمەشە کە بێ بەش کراون لە ئازادی.

پەرتوکی "The Second Sex" بوو بە پەرتوکێکی سەرەکی و گرنگی فێمینستی، کە بە وردی باسی مێژووی جەور و ستەمی ئافرەتان و و سامانێک لە بەڵگەی چیڕۆکی دەکات.

پێکهێنانی "The Second Sex" لە ئەزموونی کەسی و بەیەکداچوونی فەلسەفی وایکرد زمانێکی نوێ بێتە ئاراوە بۆ باسکردنی بیردۆزی فێمینست. تا ئەمڕۆش، هەموو ئەو بابەتانە بە هۆی پێداگری دی بیڤوا کە بۆ بەدەست هێنانی یەکسانی دەگوترێنەوە.

"هیچ جیابوونەوەیەک لە نێوان ژیان و فەلسەفدا نییە."

بە دڵنیاییەوە وەکو هەموو کارە بنچینەییەکانی تر، لەگەڵ بڵاوبوونەوە "The Second Sex" بیرۆکەکانیشی بڵاو بوونەتەوە. زۆرێک لە بیرمەندی مۆدێرن، بە چەندین شێوەی تر خەڵکیان وەکو "کەسانی تر" دیاری کردووە کە دی بیڤوا درکی پێ نە کردووە. ئەمە نەژاد و ئاکارە ئابوورییەکانیش دەگرێتەوە، هەروەها جیاوازی فراوانی ڕەگەزی و ئاکارە ڕەگەزییەکان کە ئەمڕۆ تێیان دەگەین.

ڕووداوەکانی دوای دی بیڤوا ئاڵۆزترن ئەمەش بەهۆی ڕەفتاری نەشیاوی ڕەگەزیی دوو لە خوێندکارەکانی زانکۆی. لە دەرئەنجامی کارە نەشیاوەکان، مۆڵەتی مامۆستاییەکەی لەدەستدا بە هۆکاری خراپ بەکارهێنانی پێگەکەی.

ژیانی دی بیڤوا وەکو بابەتێک کە شایانی مشت و مڕە دەمێنێتەوە - کارەکەشی بووە هۆی پەیدابوونی مشت و مڕێکی زۆر لە سەرەتای پەیدابوونی فێمینستی. هەموو ژیانی تەرخان کرد بۆ بەشداری کردن لەم گفتوگۆیانەدا؛ بۆ نووسینی ڕۆمان و فەلسەفە و یادەوری هەتا مرد لە ساڵی ١٩٨٦. ئەمڕۆ، بەرهەمەکەی زمانێکی فەلسەفیمان پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی دوبارە بیری لێ بکەینەوە، دوبارە سەیری بکەینەوە، دوبارە یاخی بینەوە - وەڵامێک کە ئەم بیرمەندە شۆڕشگێڕە پێشوازی لێ کردبا.

سەرچاوە: سایتی تێد