نرخى نەوتى برێنت بەرزبوەوە


ئەمڕۆ پێنج شەممە نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەراورد بە دوێنێ بەرزبوونەوەى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە بە شیوەیەك نرخی نەوتی برێنت بۆ 36 دۆلار و 55 سەنت بەرزبوەوە.

ژیان_ئابوری: بۆرسەی جیهانی نرخی نەوتی ئاشكراكردووە، لە ئێستادا نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت لەبازاڕەكانی جیهاندا بە 36 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی ئەمریكی بە 34 دۆلار و 29 سەنت فرۆشراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسە ئابورييەکان، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 10٪ و نەوتی خاوی ئەمريکيش بە ڕێژەی 12٪ بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت 20ی نيسانی ئەمساڵ، نرخی نەوتی خاوی ئەمريکی بۆ يەکەمجار لە مێژوودا بۆ 37 دۆلار لە خوار سفرەوە دابەزی.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە سەرەتایی ئەم مانگەوە رێككەوتنەكەی ئۆپێك پڵەس كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆیەوە رۆژانە 9 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت كەمكرایەوە، ئەمەش بووە هۆكاری جارێكیتر بەرزبوونەوەی نرخەكانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.