ئەحمەد نەبەز: یەکێک لە پێشانگاکانم لە وڵاتی پۆڵۆنیا بە ناوی (ڕۆژهەڵاتی تاریک) بوو


ڕەنگدان

ئەحمەد نەبەز هونەرمەندێکی دانیشتووی شاری هەولێرە، کە ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی کارکردنە لە بواری هونەری شێوەکاریی و بەتایبەت هونەری هاوچەرخدا، ئەو لەگەڵ ئەوەی لە ناوەوەی کوردستان پێشانگاكانی دەکاتەوە.

هاوکات هەندێکجار کارەکانی لە دەرەوەی کوردستانیش نمایش دەکرێن، کە زیاتر خۆیان لە کاری تابلۆ، دیجیتاڵ ئاڕت، ڤیدیۆ ئارت، ئینستلەیشن، پێرفۆڕمانس و فۆتۆدا دەبیننەوە. 

سەبارەت بە دوایین کاری هونەریی خۆی ئەو هونەرمەندە تایبەت بە ژیان وتی: دوای ئەوەی دوو پێشانگام لە وڵاتی پۆڵونیا کردەوە بە ناوەکانی (ڕۆژهەڵاتی تاریک و من نەوەی میزیۆپۆتامیام) لەم ساڵیشدا پڕۆژەیەکی هونەرییم بە شێوەی فۆتۆ کۆلاج ئەنجامدا، کە پێکهاتبوو لە ۲۳ کار و باسیان لە دووبارەبووەنەوەی مێژوو دەکرد.

لە ئێستادا کار لەسەر  پڕۆژەیەکی هاوبەش دەکەم لە نێوان هونەرمەندانی دەرەوەو ناوەوەی کوردستان، بەڵام نەگەیشتووینەتە بڕیاری کۆتایی، بۆیە زانیاری زیاتر لە دوای تەواوبوونی وردەکارییەکان بڵاودەکەمەوە، لە هەمان کاتیشدا سەرقاڵی پڕۆژەیەکی تایبەتی خۆمم کە پێکدێت لە کۆمەڵێک کاری تابلۆ و فۆتۆ و ئینستەلەیشن ... ڕەنگە نمایشەکەی لە دەرەوەی کوردستان بکەم، بەهۆی ئەوەی نە شوێن و نە ژینگەی ئێرە لەبار نییە بۆ نمایشکردنی.