ڕۆماننووسی بەناوبانگی تورك (ئەلیف شەفەق): بەرهەمی ژنان زۆرتر بخوێننەوە.


سازدانی: جیلیان تاماكی
وەرگێڕانی: گوڵان مەحمود


ئەلیف شەفەق سالڵی 2019 به "دە خولەک و سی و هەشت چرکە لەم جیهانە نامۆیەدا" پاڵێوراوبوو بۆ خەڵاتی بووکەر بۆ ساڵی ۲۰۱۹ لەم گفتوگۆیەدا باس لە هەندێک لایەنی ئەدەبی و بەرهەمی ژنان بە تایبەتی دەکات. 

جیلیان تاماکی: چ کتێبێک لە تەنیشت جێ خەوکەتەوە هەیە؟

ئەلیف شەفەق: هەمیشە کارەکە جیاوازە، بەڵام زۆرجار کتێبێکی خەیاڵی و لەهەمانکاتدا دانەیەکی ناخەیاڵیش لەتەنیشت سەرینەکەمەوە هەیە. پێمخۆشە بۆ پێشەوە و دواوە بجوڵێم، پێمخۆشە کاتێک پێکەوە دەدوێن. دواتر هەمیشە چاپێک لە کتێبی "پڕۆژەی یارییەکان"ی واڵتەر بنجامین هەیە. کتێبێکی نایاب و تەواونەکراوە کە دەتوانیت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بیخوێنیتەوە_لە ناوەڕاستەوە دەستپێبکە، بگەڕێوە بۆ دواوە، بازنە بکێشە. هیچ شتێک نییە وەک خوێندنەوەی واڵتەر بنجامین بێت بەر لە خەوتن. خەونی ڕوونترت دەبێت. 

جیلیان تاماکی: دوایین کتێبی مەزن چییە دەیخوێنیتەوە؟

ئەلیف شەفەق: "سەردەمی سەرمایەداری چاودێریکار" (بە ئینگلیزی)، بە قەڵەمی شوشانا زوبوف. ئەم کتێبە نایاب و گرنگە. ماوەیەکی زۆرە وادەزانین ئینتەرنێت سەکۆیەکی بێلایەن و ڕێکخراوە کە دیموکراسی پەروەردە دەکات. بەڵام واقیع بەتەواوی جیاوازە. زوبۆڤ ئەوە نیشاندەدات کە چۆن سەرمایەداری چاودێریکار زیانمانلێدەدات، وە لەکۆتاییدا، بەتەنها ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆیی لەناونابات، بەڵکو بنەماکانی دیموکراسیش لەناودەبات. ئاشکرایە کە ئەمە ئەو سەردەمەیە تیایدا پێویستە هەموومان ببین بە هاوڵاتییەک کە زیاتر بەشداریمان هەبێت، وە ئاگاداری ڕووە تاریکەکەی تەکنەلۆژیای زانیاری بین. ئێمە بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە دامودەزگا دیموکراسییە ڕێکخراوەکان هەیە. بەڵام یەکەم و پێش هەمووشتێک پێویستمانە لە  سامناکی و ئاڵۆزی کێشەکە تێبگەین، ئەوە کتێبە ڕاستەکەیە.

جیلیان تاماکی: ئەو کتێبە دڵخوازەت کامەیە کە هیچکەس لەبارەیەوە نەیبیستووە؟

ئەلیف شەفەق: فێمینیست، ڕۆماننووس و بیرمەندی ئەرمەنی زابیل یاسایان کە نووسەریکی خاوەن عەقڵی ڕۆشن و سەرمەشقی سەردەمی خۆی بووە. "لە وێرانەدا" هاوارێکە کە دڵ دێنێتە گریان و ڕووداوگەلی گرنگن کە دەبێت بخوێندرێتەوە.

دواتر نووسەری دیار هەیە کە لە نیشتیمانی خۆیاندا ناسراون بەڵام بەشێوەیەکی باش و بەپێی پێویست وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی دیکەی جیهان. یەکێک لەو نموونانە ناتالیا گینزبێرگە.

جیلیان تاماکی: چ نووسەر_ڕۆماننووس، شانۆنووس، ڕەخنەگر، ڕۆژنامەنووس، شاعیر_ێک هەیە کە زۆر سەرسام بیت بە کارەکانی لەئەمڕۆدا؟

ئەلیف شەفەق: سەرسامی ئەو نووسەرانەم کە سەرکێشی دەکەن، جا لە شێوەدا بێت یاخود لە ناوەڕۆکدا. ڕێزی ئەو نووسەرانە دەگرم کە بوێری ئەوەیان هەیە دژی شەپۆلی ئاوەکە مەلە بکەن، ئەوانەی کە ساڵ لەدوای ساڵ گونجاندن و نووسین بەهەمان ڕێگا ڕەتدەکەنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆماننووس و شاعیر و ڕۆژنامەنووس هەن کە زۆر ڕێزیان دەگرم و بەڕاستی بەلامەوە گرنگ نییە کە کەسێکی خاوەن ئەزموون بێت یان تازە نووسەرێک بێت. هەریەکەیان ڕێگای تایبەتی خۆی هەیە.

جیلیان تاماکی: چ کتێبێک پێشنیار دەکەیت بۆ ئەوکەسەی کە دەیەوێت لەدۆخی ئێستای تورکیا تێبگات؟

ئەلیف شەفەق: بەدڵنیاییەوە دەڵێم ژنانی زیاتر بخوێنەوە. ژنانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و شاعیر و ئەکادیمییەکان بخوێنەوە. وە کاتێک دەڵێم ژن، مەبەستم ژنانە لە هەموو باگراوندە نەتەوەیی و کلتوورییەکان. تورکی، کوردی، ئەرمەنی، یەهودی، یۆنانی. تورکیا وڵاتی لەبیرچوونەوەی بەکۆمەڵە. ئەو نووسەرانە بخوێنەوە کە شایەتی بێدەنگی و بێدەنگکراوەکانن.

جیلیان تاماکی: نووسەر تورکییە دڵخوازەکانت کامانەن؟ هیچکەسێک هەیە بەوشێوە فراوانە ناسراو نەبێت کە پێویستە، کێ پێشنیار دەکەیت بەتایبەتی؟

ئەلیف شەفەق: "هەزارساڵ لە ئەدەبی تورکی"، بەپێنووسی تەڵعەت هڵمان، کتێبێکی نایابە و بەشێوەیەکی جوان نووسراوە، بۆیە شوێنێکی نایابە بۆ دەستپێکردن. خوێندنەوەی نازم حیکمەت گرنگە نەک بە تەنها بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ئەوەی ستەم چۆن کاردەکات بەڵکو بەهەمان شێوە ئاستی بەهێزی تێکۆشان بۆ ئازادی. چەند ساڵێک پێش ئێستا "مادۆنا لە پاڵتۆیەکی خوریدا"ی ێباح الدین عەلی بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە، ئەوەش کتێبێکی نایابە.

جیلیان تاماکی: چی دەخوێنیتەوە کاتێک کار لەسەر کتێبێک دەکەیت؟ خۆت لە چ جۆرە خوێندنەوەیەک دەپارێزی لەکاتی نووسیندا؟

ئەلیف شەفەق: بەرلەوەی دەستکەم بە نووسینی ڕۆمانێک، گەڕانێکی چڕوپڕ دەکەم و هەوڵدەدەم بەشێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ئەو بابەتانە بخوێنمەوە کە دەتوانم دەستمکەوێت لەسەر ئەو بابەتەکە. ساڵانێکی دورودرێژم لەناوەندە ئەکادیمییەکاندا بەسەربردووە، وە ڕەنگە ئەوە هەستێکی ڕێکی پێبەخشیبێتم، کە بەشێوەیەکی ئاسایی نیمە. لەسەر بنەمای ئەوەی کە پلانم بۆ داناوە بۆ نووسین، زۆر دەخوێنمەوە و زۆر بیردەکەمەوە: ئەمە دەتوانێت هەرشتێک بێت: لە مێژووی سۆفیکلیسەوە بۆ بیناسازی عوسمانی، لە باڵندە دەگمەنەکانەوە بۆ ژیانی لەشفرۆشەکان لە ئەستەمبوڵ. دواتر کاتێک دەستدەکەم بە نووسینی ڕۆمان، خۆم لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکان بەدووردەگرم، وە تەنها بۆ ماوەیەکی کەم شیعر دەخوێنمەوە. بەتایبەتی واڵت ویتمان، وڵیام بەتڵەر ییتس، خەلیل جوبران، هەروەها ئانا ئاخماتۆڤا و ڕومی. وە مایا ئەنجیلۆشم خۆشدەوێت و پێویستە بڵێم ئۆدری لۆردی'یش جێگایەکی تایبەتی هەیە لە دڵمدا.

جیلیان تاماکی: هەرگیز کتێبێک نزیکتری کردوویتەتەوە لە کەسێکی دیکە؟ یاخود هاتۆتە نێوانتانەوە؟

ئەلیف شەفەق: پێموایە هەموو ڕۆمانێک کە خوێندوومەتەوە نزیکتری کردوومەتەوە لە مرۆڤێکی دیکە. تەنها ژمارەیەکی کەم لە کتێب هەیە کە هیواداربووم هەرگیز نەنووسرانایە. یەکێک لەوانە "پڕۆتۆکۆڵەکانی فەرمانڕەوایی زایۆنی"ە. پڕە لە درۆی ترسناک و ڕێخۆشکەربووە بۆ هۆڵۆکۆست. کتێبێکی خراپی دیکە "چەکوشی جادووگەران"ە، کە لە سەدەی پانزەدا بڵاوکراوەتەوە. سەدان و هەزاران خەڵکی بێتاوان کە زۆربەیان ژن بوون بەجادووکردن تۆمەتبارکران، وە کوژران، یاخود بەندکران یانیش ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە. "سەربازگەی قەشەکان" کە ئێستا بەشێوەیەکی فراوان زۆر لە چەپەکان دەیخوێننەوە، بەهەمانشێوە پڕە لە ڕق و ڕەگەرپەرستی و فاشیزم. 

جیلیان تاماکی: لەکارێکی ئەدەبیدا چ شتێک زۆر دەتجوڵێنێت؟

ئەلیف شەفەق: لەئاستی یەکەمدا، دەنگ. هەمووشتێک لە هونەر و فێڵی چیرۆک گێڕانەوە. موزیکێکم خۆشدەوێت کە لە دڵ و عەقڵدا بێت. سەرزەنشتکاری عەقڵ و گەشبینی دڵ، وەک گرامشی دەیڵێت.

جیلیان تاماکی: ئەو جۆرانە کامانەن کە بە تایبەتی چێژ لە خوێندنەوەیان دەبینیت؟ وە خۆت لەچی بەدووردەگریت؟

ئەلیف شەفەق: هەمووشتێک و هەرشتێکم خوێندۆتەوە کە دەدوێت  دەربارەی: فەلسەفەی سیاسی و زانستی مێشک و مێژووی کلتووری. هەروەها ڕۆمان و کتێبە کلتوورییەکانم خوێندۆتەوە و تەنانەت کتێبی چێشتلێنانیش. هەرشتێک سەرنجم ڕابکێشێت گرنگە لەو ساتەدا و  دادەنیشم و دەیخوێنمەوە. بەهیچ شێوەیەک دەستەواژەی "ئەدەبی ئاست بەرز" و "ئەدەبی ئاست نزم"م بەلاوە گرنگ نییە. لەو جیاوازییانە تێناگەم و تەنها یەک یاسای زێڕینم هەیە: هەوڵەدەم تا فراوانترین ئاست بخوێنمەوە، بۆیە لەجێی مانەوە لەهەمان شوێنی ئارامی عەقڵیدا ساڵ لەدوای ساڵ، حەزەکەم بەبوار و کلتووری جیاوازدا گەشتبکەم.

جیلیان تاماکی: پاڵەوانی خەیاڵی دڵخوازت کامەیە؟ ناپاڵەوان دڵخوازتە یاخود دڕندە؟

ئەلیف شەفەق: ئۆرلاندۆ پاڵەوانی خەیاڵیمە هەمیشە. هەروەها ئەو ڕاستییەم خۆشدەوێ کە ڤێرجینا ۆڵف ئەو کتێبە بەوە وەسفدەکات کە "ژیاننامە"یە. بەڵام بەنیسبەت ناپاڵەوانی دڵخوازمەوە، بەدڵنیاییەوە جەی گاتسبی'یە. گاتسبی مەزن کتێبێکی نایابە و پێویستی بە چەندینجار پێداچوونەوە هەیە.

جیلیان تاماکی: بەمنداڵی چۆن خوێنەرێک بوویت؟ چ کتێبێکی منداڵی و نووسەرێک دڵخوازت بوو؟

ئەلیف شەفەق: منداڵێکی گۆشەگیر و تەنهابووم، دوو ژن پەروەردەیان کردم کە ئەوانیش دایکم و نەنکم بوون. چونکە پێموابوو ژیان بەشێوەیەکی دڕندانە وەڕسکەرە، لە تەمەنێکی زووەوە بووم بە خوێنەرێکی باش. لە فەڕەنسا لەدایکبووم. پاش ماوەیەک، دایک و باوکم جیابوونەوە. باوکم لە ستراستبۆرگ مایەوە و دایکم منی هێنایەوە بۆ ئەنقەرە. بۆیە لە تەمەنێکی زۆر زوودا ناچاربوو کۆچبکەم. ئینجا لە گەڕەکێکی باوکسالاری پارێزگاردا گەورەبووم کە هەستمدەکرد سەر بە ئەوان نیم. بەلای منەوە، دوونیای چیرۆک زۆر واقیعیتر بوو. کتێب یارمەتیدەدام بۆ هەڵکەندنی تونێلی ڕاکردن، تونێلی بەرەو ئازادی.

جیلیان تاماکی: ئەگەر بتوانیت ناوی یەک کتێب بهێنیت کە کردتی بەوەی ئەمڕۆ هەیت، کامە دەبێت؟

ئەلیف شەفەق: "ئۆرلاندۆ" بەپێنووسی ڤێرجینا ۆڵف. لەسەردەمێکی زوودا، نەمدەزانی کە دەتوانیت بەو شێوە پێشڕەو و ئازادانە بنووسیت. ئەگەر ڕێگەم بدەیت هەندێک فێڵ بکەم، دەمەوێت "مەسنەوی" ڕومیشی بخەمەسەر، یەکێک لەڕۆژئاوا، یەکێک لە ڕۆژئاوا، یەکێک لە ڕۆژهەڵات، وە هەردووکیان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تێدەپەڕێنن.

جیلیان تاماکی: هەرگیز ڕوویداوە کە بۆچوونت لەسەر کتێبێک بگۆڕیت لەسەر بنەمای زانیاری دەربارەی نووسەرەکە، یاخود هەرشتێکی دیکە؟

ئەلیف شەفەق: ئەوە ڕاستنییە، ڕەنگە بەهۆی ئەوەی میزاجی و بێهیوام لێی وە کاتێک کتێبێک دەخوێنمەوە، بەتایبەتی ئەگەر ڕۆمانبێت، نووسەرەکە لەبیردەکەم. هەرکەسێکە، بەلامەوە گرنگ نییە، ئەوە چیرۆکەکەیە کە گرنگی پێدەدەم.

جیلیان تاماکی: ئەگەر بتوانیت نووسەرێک ببینیت، زیندوو یان مردوو، کێ دەبێت؟ وە دەتەوێت چی بزانیت؟

ئەلیف شەفەق: پێمخۆشە چاوم بە سیپۆنزا بکەوێت. مێشکێکی نایابی هەیە. هەروەها باشدەبێت قسە لەگەڵ جەیمس بالدوینیشدا بکەم. هەست بە سۆز دەکەم کاتێک کارەکانی دەخوێنمەوە و گوێ لە دەنگی دەگرم. دواتر، بەدڵنیاییەوە، شەمسی تەبرێزی. هەرسێکیان پێکەوە، نایاب دەبێت!

جیلیان تاماکی: چ کتێبێک هەستتکردووە کە دەبێت بەدڵتبێت و وا دەرنەچووە؟ دوایین کتێبت بەبیردێ کە وازتلێهێنابێت پێش ئەوەی تەواوی بکەیت؟

ئەلیف شەفەق: کاتێک واز لە کتێبێک دەهێنم، زۆرجار کارەکە پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە، ڕەنگە مێشکم زۆر سەرقاڵ بێت. هەندێک کار هەن سەرەتا نەمتوانی زۆریان لێ بخوێنمەوە، بەڵام پاش دوو هەفتە، کاتێک جارێکی دیکە هەوڵمدایەوە، بەتەواوی خۆشمویست. بۆ نموونە: "ئەستێرەکان"بە قەڵەمی ئیلیانۆر کاتتۆن.

سەرچاوە: نیۆرك تایمز