واشنتن: بەهۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێران لە سوریا دەکشێتەوە


برایان هۆك، نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران رایگه‌یاند، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێرانی ناچاركردووه‌ له‌ سوریا بكشێته‌وه‌.

ژیان-واشنتن: لە چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" برایان هۆك نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران رایگه‌یاندوه‌، وڵاته‌كه‌ی ئاگاداره‌ كه‌ ئێران به‌شێوه‌یه‌كی تاكتیكی ده‌یه‌وێت له‌ سوریا بكشێته‌وه‌.

ناوبراو هۆكاری كشانه‌وه‌ی ئێرانی لە سوریا بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و ئاشكرایكردووه‌، چه‌ندین هۆكار هه‌ن كه‌ ئێران له‌ سوریا پاشه‌كشه‌ بكات، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ش ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌ کە به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و وڵاته‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و هه‌راسانی  كردوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناچاره‌ به‌ چه‌ند قۆناغێك له‌ سوریا بكشێته‌وه‌.

چەند رۆژ پێش ئێستا ئه‌مریكا سزای نوێی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا و كه‌سایه‌تی ئێراندا سه‌پاند، یه‌كێك له‌وانه‌ش عه‌بدولڕه‌زا ره‌حمانی فەزڵی وه‌زیری ناوخۆی ئێران بوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئیدانه‌ی ئه‌و سزایانه‌ی كرد و داوای له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد، لێپرسینه‌وه‌ لە ئەمریکا بکەن.