چین سەرکەوتنی ستراتیژی بەسەر کۆرۆنادا راگەیاند


حکومەتی چین سەرکەوتنی ستراتیژی بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ-دا رگەیاند.

ژیان-پەکین: لی کی جیانگ سەرۆکی حکومەتی چین لە میانی کردنەوەی خولی ساڵانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی گەلی چیندا ڕایگەیاند،  چین دەستکەوتی ستراتیژیی گەورەی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەدەستهێناوە.

وتیشی، ئێمە، نەوەی نەتەوەی چین، لە ساتە زۆر سەختەکاندا بە یەکگرتوویی ماینەوە، هەماهەنگی و هاریکارییەکی ئێجگار گەورەمان پیشاندا.

دوای ئەوەی لە کۆتای مانگی یەکی ئەمساڵدا و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، چین سەرتاسەری وڵاتەکەی داخست، توانی بە شێوەیەکی بەرچاو سنوورێک دابنێت بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە کە لە هەفتەکانی دواتردا ژمارەکە کەمتربۆوە.

سەرۆکی حکومەتی چین راشیگەیاند، سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەمان لە بەرگریکردن لە شاری ووهان-دا بەدەستهێنا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پەتای کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە، جەختی لەوەشکردەوە، کە کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەنجامە خراپەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر ئابووری وڵاتەکە.

هەرچەندە کۆرۆنا لەچینەوە دەستیپێکرد، بەڵام توانی زۆر بەباشی کۆنترۆلی بکات و لەئێستادا سێزدەهەمین وڵاتی دونیایە لەریزبەندی کۆرۆنادا و رۆژانە چەند کەیسێکی کەمی تووشبوون تۆماردەکات.