ئێران.. ٥١ کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا


وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، ٢ هەزار و ٣١١ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و ٥١ کەسی دیکەش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ژیان-تاران: کیانوش جێهانپوور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢ هەزار و ٣١١ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە وڵاتەکە تۆمارکراون و بەوەش کۆی گشتی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١٣١ هەزار و ٦٥٢ کەس.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٥١ نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و کۆی ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکوو ئەمڕۆ بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە حەوت هەزار و ٣٠٠ کەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاند، تا ئێستا ١٠٢ هەزار و ٢٧٦ کەس پەتاکەیان تێپەڕاندووە و بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا تەنها دوو هەزار و ٦٥٩ کەس دۆخی تەندروستییان باش نییە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.