سەرۆکی شارەوانی کەراچی: سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکەی پاکستان گیانیان لەدەستداوە


پاش یەک کاتژمێر لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی پاکستان، سەرۆکی شارەوانی کەراچی رایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.

ژیان-ئیسلام ئاباد: وەسیم ئەختەر سەرۆکی شارەوانی کەراچی رایگەیاند، بەداخەوە سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە کە پێکهاتبوون لە ٩٩ گەشتیار و هەشت کارمەندی تیمی فڕۆکەوانی فڕۆکەکە، گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە، لانیکەم پێنج بۆ شەش خانوو و باڵەخانە رووخاون.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی٥ی٢٠٢٠، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی پاکستان لەکاتی گەڕانەوەی لە شاری لاهوورەوە بۆ کەراچی و لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەو شارە تێکشکا و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

دوابەدوای رووداوەکەش، بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، چەند خولەکێک پیش رووداوەکە فڕۆکەوانەکە پەیوەندیی بە فڕۆکەخانەی کەراچییەوە کردووە و رایگەیاندووە کە فڕۆکەکەی تووشی کێشەی تەکنیکی بووە.