یاسا ناسێک: دەتوانرێت سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە


تارق حەرب پسپۆڕی یاساییی عێراقی ڕایگەیاند، دەکرێت محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

ژیان_ بەغدا: تارق حەرب لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "مەوازین نیوز" ڕایگەیاند "مادەی ١٢ بڕگەی دوو لە پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان، ڕێگەی داوە بە پەرلەمان سەرۆکەکەی دووربخاتەوە، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێکیش دیاری بکات".

جەختیشیکردەوە بە گوێرەی هەمان مادە و بڕگەی ٨ لە یاسای پەرلەمانی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٨ سەبارەت بە دوورخستنەوەی پەرلەمانتار، بەشێوەیەک دەستەواژەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەو پێیەی پەرلەمانتارە و ڕێگە دراوە دووربخرێتەوە، ئەگەر هاتوو زیانێکی گەورەی گەیاند بە بنەماکانی هەڵسوکەوتی پەرلەمانتاری.

ئەو پسپۆڕە یاساییەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، دووخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت بە بڕیارێک بێت، مەرجی جێبەجێکردنی حوکمەکانی مادەی ٥٩ی دەستورە، بە واتای دەکرێت لە دانیشتنێکی لێپرسینەوەدا بێت و ڕێژەی یاسایی ئامادەبوانی ئەندامانی پەرلەمان تەواو بێت، بەو واتایەی دەبێت بەلای کەمەوە ١٦٥ پەرلەمانتار ئامادە بێت، کە دەکاتە نیوە زیاتری ژمارەی سەرجەم پەرلەمانتاران، کە ژمارەیان ٣٢٩ پەرلەمانتارە.

تاریق حەرب ڕوونیشیکردەوە ئەگەر ١٦٥ پەرلەمانتار ئامادەبن و ٨٤ پەرلەمانتار ڕەزامەندبن لەسەر لابردنی سەرۆکی پەرلەمان، دەتوانرێت سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، هەروەها ئەگەر ٢٠٠ پەرلەمانتار ئامادەبن، ئەوا بە ڕەزامەندی ١٠١ پەرلەمانتار دەتوانرێت بە هەمان شێوە سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.