وەزیری دارایی عێراق تەوەرەکانی سەردانەکەی بۆ سعودیە ئاشکرا دەکات


عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی نێردەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی ڕایگەیاند، تەوەرەکانی سەردانەکەی بۆ سعودیە سێ لایەن لەخۆ دەکرێت، لە پێناو پشتیوانیکردن لە ئابوری عێراق.

ژیان_ بەغدا:  عەلاوی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی بۆ سعودیە، کارکردن لەسەر سێ تەوەر بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان عێراق لەگەڵ لایەنی سعودیەدا.

تەوەرەی یەکەم، کۆمەکی دارایی بەپەلە بۆ پشتیوانیکردن لە بودجەی عێراق و تەوەرەی دووەم کارئاسانی بۆ کۆمپانیا ودامەزراوە ئەهلییەکانی سعودیە بە تایبەت لە بواری وزە و کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی بێنە ناو بازاڕی عێراقەوە بۆ وەبەرهێنان، تەوەرەی سێهەمیش بریتییە لە کاراکردنی لایەنی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پلانی هەیە بۆ هاوسەنگی ئابوری و دارایی لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ، بۆ ئەوەی بازاڕی عێراق کراوە بێت بۆ هەموو لایەک، بەشێوەیەک دووربێت لە هەر زیانگەیاندنێک بە لایەنێکی دیاریکراو.

جەختیشیکردەوە، حکومەتی عێراق لەهەوڵدایە بۆ ڕازیکردنی کۆمپانیا سعودییەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی بینیاتنانەوەی وڵاتەکەی.

ڕوونیشیکردەوە عێراق پێویستی بە کۆمەکی بەپەلەی دارایی هەیە بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت پابەندی بەڵێنەکانی بێت لە بەرامبەر فەرمانبەرانی.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دارایی عێراق ئاشکرایکرد، ڕێگری گەورە هەیە کە ناتوانرێت کاری وەربەرهێنان لە عێراقدا بکرێت ، بەشێکی پەیوەندی هەیە بە یاسا کارپێکراوەکان و نەبوونی پەیکەرێکی ڕوون بۆ لەخۆگرتنی وەبەرهێنانی بیانی و نەبوونی بانکی پێشکەوتووی جیهانی لە عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەوانە ڕێگرن لەوەی وەبەرهێنی سعودی یان هەر وەبەرهێنێکی دیکەی بیانی بتوانێت بێتە بازاری عێراقەوە و کاربکات.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دارایی عێراق جەختیکردەوە، دەزگای ئیداری ئێستای عێراق گونجاو نییە بۆ داخوازیەکانی وەبەرهێنی بیانی  و چەندین پێشێلکاری گەورە و گەندەڵی و دەستوەردانی تایبەتی حزبی هەیە، کە بوونەتە ڕێگری سەرەکی لەبەردەم وەبەرهێنی بیانیدا.

دوێنێ بە نوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەت لە بواری ئابوری و هاندانی وەبەرهێنانی سعودیە لە عێراقدا.