فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی درێژکردەوە


دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی ڕایگەیاند، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبێت، جگە لە گەشتە تایبتەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیانی عێراقی  لە دەرەوەی وڵات.

ژیان_ بەغدا: جیهاد دەڕاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە،  سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان تا ڕۆژی ٣١ی ئایار، واتە کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، جگە لەو گەشتە تایبەتانەی کە بۆ گواستنەوەی ئەو هاوڵاتیە عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریانخواردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها گەشتی کتوپڕ و گەشتەکانی تایبەت بە بواری پزیشکی و گواستنەوەی تایبەت بە بواری ئاسمانی بەردەوام دەبن، هەروەها ڕێگەش دەدرێت بە تێپەڕبوونی ئەو فڕۆکانەی کە بە ئاسمانی عێراقدا دەیانەوێت تێپەڕبن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماوەی دوو مانگ زیاترە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ڕاگیراوە، جگە لە هەندێک گەشتی تایبەت کە بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی فرۆکەوانی عێراقی ئەنجام دەدرێت، بە تایبەت هاتنی شاندە فەرمییەکان بۆ عێراق.