عێراق ڕەتیکردەوە ڕێگەدرابێت بە کردنەوەی ڕێکخراوێکی هاوڕەگەزخوازی


حکومەتی عێراق رەتیکردەوە، مۆڵەتی کارکردن درابێت بە ڕێکخراوێکی بەرگریکار لە مافی هاوڕەگەزخوازەکان لە عێراقدا.

ژیان_ بەغدا: حەیدەر مەجید وتەبێژی ئەمنیداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران، رەتیدەکاتەوە ڕێکخراوێکی عێراقی بە ناوی (کوەیەر) بۆ بەرگریکردن لە مافی هاوڕەگەزخوازەکان تۆمارکرابێت و ڕێگەی پێدرابێت لە ناوخۆیی عێراقدا کاربکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانگەکەیان بەگوێرەی یاسای ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٢ کاردەکات و پێداچوونەوە دەکات بە سیستمی ناوخۆیی ئەو ڕێکخراوەی کە ناوی تۆمار دەکات، پابەندنیشن بە ڕەتکردنەوەی هەر ڕێکخراوێک، کە سیستم و کارنامەکەی پێچەوانەی یاسای گشتی و مۆراڵ و پەیڕەوی کۆمەڵگەی عێراقی بێت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جەختیکردەوە، یاساکە بەسەر ئەو ڕێکخراوە بیانییە نێودەوڵەتییەکانیشدا جێبەجێ دەکرێت، کە دەیانەوێت لە عێراق کاربکەن، چونکە پێویستە مۆڵەتی کارکردنی لە وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت، بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش پێویستە مۆڵەتی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەفتەی ڕابردوودا باڵیۆزخانەی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا دروشمی هاوڕەگەزخوازەکانی لە بارەگای باڵیۆزخانەکە لە بەغدا بەرزکردەوە، وەک پیشتیوانییەک لە ڕۆژی بەرگریکردن لە مافی هاوڕەگەزخوازەکان لە جیهاندا، ئەو هەنگاوەش نیگەرانی و ناڕەزاییەکی فراوانی دامودەزگا فەرمی و قەوارە سیاسییەکانی عێراقی بە دوای خۆیدا هێنا و هەندێکیان داوای داخستنی باڵیۆزخانەی یەکێتی ئەوروپایان کرد لە بەغدا.