کەشناسى پیشبینیەکانى بۆ رۆژانى جەژن راگەیاند

باران لەچەند ناوچەیەک دەبارێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینیەکانى بۆ ڕۆژانى جەژن بڵاوکردەوە و دەڵێت، پلەکانى گەرما بەشێوەیەکی زۆر  لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم دادەبەزن.

ژیان- هەولێر: بەڕێوەبەرایەتیەكە لە راگەیەندراوێكدا لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پێشبینی دەکرێ لەماوەی ڕۆژانی جەژندا هەرێم بکەوێتە ژێر کاریگەری بارستەهەوایەکی نیمچە ساردەوە و بەوەش پلەکانى گەرما بەرێژەیەکى بەرچاو نزم دەبنەوە.

دەشڵێت، بەهۆی هاتنی هەور و بوونی شێی پێویست لەبەشێکی ناوچەکانی هەرێم ئەگەری بارانبارین و هەورە بروسکە هەیە بەتایبەت لە دوو ناوچەی هەرێم ئەوانیش پارێزگاى دهۆک و ناوچەکانى باکورى پارێزگاى هەولێر بەتایبەت ناوچە شاخاویەکانیان،  پێشبینی دەکرێت بۆ ڕۆژانی جەژن بەم شێوەیە بێت:

 هەرێمی کوردستان لە هەردوو ڕۆژانی یەکەم و دووەمی جەژندا لە ژێر کاریگەری بارستەهەواکە دادەبێ پلەی گەرمی بەڕێژەی 5-10پلە ڕوو لە دابەزین دەکات،ئاسمانی زۆربەی هەرێم ساماڵ بۆ هەوری و هەوری تەواو دەبێ، لەناوچەکانی پارێزگای دهۆک بەسەنتەریشەوە وە باکوری پارێزگای هەولێر باران بارینی باش و هەورە تریشقە دەیان گرێتەوە و کە زۆرترین کاریگەری شەپۆلەکەیان بەردەکەوێ، لە سەنتەرى هەولێریش ئەگەرى بارانبارین هەیە، بەڵام بە گشتی کاریگەری بارانەکە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم بەتایبەت بۆ سلێمانى و هەڵەبجە کەمترە لەگەڵ ئەوەی ئەگەری بڕێکی کەمی دابارین بۆ ئەم ناوچانەش هەیە.

بەپێى پێشبینیەکانى کەشناسى بۆ دووەم رۆژ و سێیەم رۆژى جەژن  کاریگەری بارستە هەواکە دووردەکەوێتەوە لەسەر ناوچەکانی هەرێم بۆیە پلەی گەرمی دووبارە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکا و ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێ و ئەگەرەکانی باران بارین نامێنن، واتە بەگشتى بۆ رۆژانى جەژن کەش و هەوا فێنک دەبێت.