وەزیری دارایی عێراق لە سعودیەوە: چیتر کارەبا و غاز لە ئێران هاوردە ناکەین


عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە سعودیەوە ڕایگەیاند چیتر غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە ناکەن.

ژیان_ ڕیاز: عەلاوی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ لە میانی گەشتەکەی بۆ سعودیە ڕایگەیاند "وەک جێبەجێکردنێک بۆ بڕیارەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، بڕیارماندا پابەندبن بەو بڕیارانە، دوای ئەوەی مۆڵەتی هاوردەکردنی گرێبەستەکانی هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێرانەوە جارێکی دیکە درێژکرایەوە".

هەر ئەمڕۆش وەزیری دارایی عێراق، کە بە نوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانی ڕیازدایە ئاشکرایکرد، لەگەڵ سعودیە گەیشتوونەتە ڕێککەتن سەبارەت بە کاراکردنی بەستنەوەی هێڵی تەزووی کارەبا لە نێوان عێراق و سعودیەدا.

دوێنێش عەلاوی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە سعودیە ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە، کارکردن لەسەر سێ تەوەر بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان عێراق لەگەڵ لایەنی سعودیەدا.

تەوەرەی یەکەم، کۆمەکی دارایی بەپەلە بۆ پشتیوانیکردن لە بودجەی عێراق و تەوەرەی دووەم کارئاسانی بۆ کۆمپانیا ودامەزراوە ئەهلییەکانی سعودیە بە تایبەت لە بواری وزە و کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی بێنە ناو بازاڕی عێراقەوە بۆ وەبەرهێنان، تەوەرەی سێهەمیش بریتییە لە کاراکردنی لایەنی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە بە نوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەت لە بواری ئابوری و هاندانی وەبەرهێنانی سعودیە لە عێراقدا.