هەولێکی داعش بۆ سوتاندنی گەنمی جوتیارانی کەرکوک شکسپێهێنرا


لە گوندێکی کەرکوک هێزە ئەمنییەکان و دانیشتوانەکەی پلانێکی چەکدارانی داعشیان شکستپێهێنا، کە دەیانەویست گەنمی جوتیارانی ناوچەکە بسوتێنن.

ژیان_ کەکوک: شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، گروپێک چەکداری سەربە ڕێکخراوی  داعش دزەیانکردووەتە گوندێکی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بە مەبەستی سوتاندنی دەغڵودانی جوتیارانی گوندەکە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوای ئاشکرابوونی چەکدارەکان، دانیشتوانی گوندەکە و هێزە ئەمنییەکان ڕوبەڕوی چەکدارەکانی داعش بوونەتەوە و شەڕ هاتووەتە ئاراوە و لە ئەنجامدا چەکدارەکان هەڵاتوون و هاوڵاتییەکی گوندی (قوشقایە)ی سەر بە پارێزگای دبس کوژراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا چەکدارە پەڕاگەندەکانی داعش لە ناوچەکانی باشوری پارێزگای کەرکوک و سەلاحەدین و دیالە خۆیان رێکخستووەتەوە و ناوبەناو هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و سوتاندنی دانەوێڵەی جوتیارانی سنوری ئەو پارێزگایانە.