هەرێم ڕازی بوو بە مەرجەکانی بەغدا بۆ ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە


وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناوەرۆکی ئەو نوسراوەی کە وەزارەتی دارایی عێراق دەریکردوو سەبارەت بە مەرجی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم.

ژیان_سلێمانی: ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر ناوەڕۆکی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق دەربڕیوە سەبارەت بە مەرجەکانی ڕەوانەکردنی ٤٠٠ ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

وەزیری دارایی هەرێم نوسیویەتی "ئاماژە بە نوسراوتان ژمارە ٨٠٢ لە ١٩/٥/٢٠٢٠، جەختدەکەینەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازییە لەسەر ناوەرۆکی نوسراوی سەرەوەتان لەگەڵ ڕێزدا".

وەزارەتی دارایی عێراق لە نوسراوێکدا کە هەر لە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگەدا ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە ئاماژە بەوە دەکات، بە مەبەستی چارەسەرکردنی دۆخی دارایی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەرە بنەمای یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩ دەبێت پشت بە چەند بنەمایەک ببەسترێت:

١-وەزارەتی دارایی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ مانگی نیسان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

٢-پێویستە کۆبونەوەی چڕوپڕ بکرێت  لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، بە مەبەستی چارەسەری کۆتایی لە نێوان هەردوولا، کە نابێت ماوەکەی لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر بێت، لە ڕۆژی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە.

٣-دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیواری چاودێری دارایی هەرێم، داهاتەکانی تری جگە لە داهاتی نەوت لە هەرێم حساب و وردەکاری تیا دەکات.

٤-دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کۆمەکەکانی داهاتوو بۆ مانگی نیسان خەرجدەکرێت.