خەدیجە جەنگیز: هیچ کەسێک بۆی نییە لە بکوژانی خاشقچی خۆشبێت


خەدیجە جەنگیز دەستگیرانی جەمال خاشقچی ڕایگەیاند، هیچ کەسێک بۆی نییە لە بکوژانی خاشقچی خۆش بێت، دوای ئەوەی کوڕەکەی ڕایگەیاندبوو لە بکوژانی باوکی خۆش بووە.

ژیان_ جیهانی: خەدیجە جەنگیز کە هاوڵاتییەکی تورکییە، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "تاوانی کوشتنێکی دڕەندانە بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابێت".
جەنگیز وتیشی "جەمال خاشقچی بووەتە دروشمێکی نێودەوڵەتی ئەوتۆ کە لە هەموومان گەورەترە، کەسێک بوو جێی سەرنج و خۆشەویستی هەموولایەک بوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی کوژرا، لە کاتێکدا دەیویست بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییەکەیان دەربکات، بکوژەکانی لە سعودیە و تایبەت بۆ چاودێریکردن و خستنە داو و کوشتنی هاتبوون.

ئەو لێدوانانەی دەستگیرانەکەی خاشقچی لە کاتێکدایە، سەلاح خاشقچی یەکێک لە کوڕەکانی ڕۆژنامەنووسی کۆچکردبوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندبوو "ئێمە وەک کوڕانی شەهید جەمال خاسقچی لەبەر خوا لە بکوژرانی باوکمان خۆش بووین".

ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نوسیبووی، کوڕانی خاشقچی خانوو موچەی مانگانەیان وەک قەرەبووکردنەوەی کوژرانی باوکیان وەرگرتووە.

جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ناسراوی سعودی لە مانگی تشرینی  یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا کوژرا.

خاشقچی بۆ تەواوکردنی مامەڵەی مارەبڕینی خەدیجە جەنگیز سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی کردبوو لە شاری ئیستنەبوڵی تورکیا، لێکۆڵەرەوەکان لەوبڕەوایەدان دوای کوشتنی لاشەکەیی پارچە پارچە کراوە، لەکاتێکدا خەدیجەی دەستگیرانی لە دەرەوە چاوەڕێی کردووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و کەس نازانێت چی لێکراوە.