وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: قەدەغەی هاتوچۆ لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە جێبەجێدەکرێت


وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە جێبەجێدەکرێت و دەشڵێت، لە دووەم رۆژی جەژنەوە نانەواخانەکان رۆژانە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی بۆ ١٢ی نیوەڕۆ دەکرێنەوە.

ژیان-هەولێر: وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێکارەکانی خۆپاراستن لەرۆژانی جەژنی رەمەزاندا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دووەم  رۆژی جەژنەوە عەلوەکان بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان کراوە دەبن و هەروەها نانەواخانەکانیش لە دووەم رۆژی جەژنەوە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ دەکرێنەوە.

سەبارەت بە رۆژنامەنووسانیش، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا، رۆژنامەنووسان رێگەی هاتوچۆیان پێدەدرێت بەمەرجێک نوسراوی رێگەپێدانی دەزگاکەیان هەڵگرتبێت.