سعودیە بڕیاریدا باڵیۆزی وڵاتەکەی بگێڕێتەوە بۆ بەغدا


سعودیە بڕیاریدا لە نزیکترین کاتدا باڵیۆزی خۆی بێگڕێتەوە بۆ بەغدا ، بۆ ئەوەی دەستبەکارەکانی بکاتەوە.

ژیان_جیهانی: سعودیە ڕایگەیاند، بە ئامانجی دەرخستنی خواستی شانشینی سعودیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق، بڕیاردراوە لە نزیکترین دەرفەتدا باڵیۆزی وڵاتەکەی بگێڕێتەوە بۆ بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی.

ڕۆژی هەینی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق، وەک نوێنەری تایبەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی سعودیەی کرد و نامەیەکی تایبەتی لە کازمیەوە گەیاندە، شا سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعودیە.

وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای سعودیەدا کۆبووەتەوە و گفتوگۆیانکردووە دەربارەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هەر ئەمڕۆش وەزیری دارایی عێراق لە سعودیەوە ڕایگەیاند، چیتر وڵاتەکەی غازو کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە ناکات و بڕیارە سعودیە و عێراق تۆڕی کارەبای هەردوو وڵات پێکەوە ببەستن.

لە ساڵی ٢٠١٥ وە دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵە بەسەر پچڕانی پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە، کە بەهۆی داگیرکردنی کوەیتەوە لە لایەن ڕژێمی سەدام حسێنەوە هاتە ئاراوە، جارێکی تر سعودیە باڵیۆزی خۆی ناردەوە عێراق، لە ماوەی مانەوەشی لە چەند ساڵێ ڕابردوودا بەهۆی لێدوانەکانی باڵیۆزی سعودیەوە لە بەغدا، جارێکی تر ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا سەریانهەڵدایە و بەو هۆیەشەوە سعودیە باڵیۆزی لە بەغدا کشاندەوە.