تەندروستی هەرێم: پێنج کەسی دیکە لە دهۆک تووشی کۆرۆنا بوون


وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێنج حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراون.

ژیان-دهۆک: وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای دهۆک دەستنیشانکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم تووشبووەکان لە رەگەزی نێرن و دانیشتووی قەزای ئاکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، تووشبووەکان پیشەیان پاسەوانن لەسەر میلاکی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، تەمەنیان ٣٨ و ٣٧ و ٣٧ و ٣٦ و ٣٠ ساڵن.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم روونیشیکردەوە، تووشبووەکان دوای تەواوبوونی دەوامیان لە شاری بەغدا و گەڕانەوەیان لەو شارە، پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا-یان بۆکراوە و ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیف دەرچووە.

هەر ئەمڕۆ و کەمێک پێش ئێستا، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پزیشکێکی شاری هەولێر پاش گەڕانەوەی لە شاری بەغدا تووشی کۆرۆنا بووە.