تەندروستی هەرێم: هەشت تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکران


وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەشت کەسی دیکە لە پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.

ژیان-سلێمانی: وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، هەشت تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکراون.

روونیشیکردەوە، تووشبووەکان پێنج ئافرەتی تەمەن ٦٧ و ٤٧ و ٤٧ و ٣٨ و ٣٧ ساڵ و سێ پیاوی تەمەن ٥٧ و ٣٧ و ٢٦ ساڵن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها یەکێک لە تووشبووەکان بەرکەوتەی تووشبووی پێشووە و دانیشتووی شاری سلێمانیە و یەکێکی تر لەو تووشبووە نوێیانە گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە و دانیشتووی قەزای ڕانیەیە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، شەش تووشبووەکەی تر کە ئەوانیش دانیشتووی شاری سلێمانین، بەهۆی بوونی نیشانەکانی نەخۆشی، پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا-یان بۆکراوە و دواتر ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ، کەسێک لە پارێزگای هەولێر و پێنج هاوڵاتی دیکە لە پارێزگای دهۆک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.